لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٥ ژن لە سێدارە دراون و ١٢٢ ژن کوژراون

ڕاگەیەندرا کە ڕژێمی ئێران لە سێ ڕۆژی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤ ژنی دیکەی لە سێدارە داوە، بەمەش ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە سێدارە دراون گەیشتە ٢٥ ژن، هەروەها لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ١٢٢ ژن کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کەس تیایدا لەسێدارە دراون و بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، لە سێ ڕۆژی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا ٤ ژن لەسێدارە دراون، بەمەش بەم شێوەیە ژمارەی ئەو ژنانەی لە ئێران لە ماوەی ساڵێکدا لە سێدارە دراون گەیشتە ٢٥ ژن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەنجومەنی ژنانی ئێران، ڕژێمی ئێران لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەردەوامە و سزای لە سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی خەڵک و ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت بەکار دەهێنێت.

 

لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٥ ژن لەسێدارەدراون

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەی لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٪٤٣ زیادیکردووە، دەوترێت نزیکەی ٢٠٠ کەس تەنها لە نێوان مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لەسێدارە دراون، لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی ٨٥٠ زیندانی لە سێدارە دراون، کە ١٥ کەسیان زیندانی سیاسین، ٢٥ کەسیان ژنن.

 

بە پێی ئامارەکان، لە ٤ ساڵی ڕابردوودا بە گشتی ٢٢٨ ژن لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

 

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٢٢ ژن کوژراون

بەپێی ئەو ئامارانەی لە میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەڵگەکان کوشتنی ١٢٢ ژن لەلایەن کەسوکاریانەوە لە شارە جیاوازەکانی ئێران پشتڕاست دەکەنەوە، زۆرینەی ئەو ژنانە لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژراون کە هاوسەرگیریان لەگەڵدا کردووە.

 

بە پێی ئامارەکە زۆرترین حاڵەتی کوشتن لە شارەکانی تاران، ئەلبورز و ورمێ بووە، هەر لە هەمان هەواڵدا ڕاگەیەندراوە کە ئێوارەی دوێنێ لە شاری ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسێک خوشکەکەی خنکاندووە و دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.