دەوڵەتی تورک بۆردوومانی ڕانیەی کرد و بریندار هەیە
دەوڵەتی داگیركەریی تورك لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومانی شارەدێی بۆسكێنی سەر بە ڕاپەڕینی كرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٦ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوچەی مەدەنییان لە شارەدێی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیەی ڕاپەڕین، بۆردوومان کرد.
شوێنی بۆردوومانەکە شەقامی سەرەکی بۆسکێنە و نزیک دوکان و ماڵ و شوێنی مەدەنییە، بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە هەرێمییەکان دوو بریندار هەن کە کرێکارن و نزیک بوون لە شوێنی بۆردوومانەکە، هەروەها چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و زەرەری مادی بەر دوکانێک و کارگەیەکی فەرش شۆردن کەوتووە.
سەرحەد ڕەسوڵ، بەڕێوبەری شارەدێی بۆسكێن بۆ میدیاکان جەختی کردەوە کە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوەندی بۆسکێنی بۆردوومان كردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.