زەینەب موراد: یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد وەڵامی پیلانگێڕی و داگیرکارییە
لە شاری هەولێر کەنەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و داوای لە لایەن و حزبە سیاسییەکان کرد، دەستبەرداری ناکۆکییە لاوەکیان ببن و ڕووبەڕووی داگیرکاری و پیلانگێڕی ببنەوە.

ناوەندی هەواڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە شاری هەولێر، زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی کەنەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و وێنەی دەنیز جەڤدەت بولبونیان، کە لە بارەگاکەدا تیرۆر کرا، بەرز کردەوە.
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەیاننامەی کەنەکەی خوێندەوە و تیرۆرکردنی دەنیز جەڤدەت بولبونی شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند، ئەم هێرشە ئاسایی نییە و ئامانگرتنى خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و سەرجەم گەلی کوردە، دوژمنان بەم هێرشە دەریدەخەن کە چەندە لە یەکێتی و یەکڕیزی دەترسن، چونکە یەکڕیزی وەڵامێکە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕی و داگیرکارییەی داگیرکەران دەرهەق بە خاک و گەلی کورد ئەنجامی دەدەن.
زەینەب موراد ئاماژەی بەوەدا، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە بە زووترین کات تاوانباری ئەم کردەوە تیرۆریستییە بدۆزنەوە و ڕووبەڕووی دادگای بکەنەوە و بۆ کەنەکە و ڕای گشتی بگەیەنن، داواش دەکەین پارێزگاری لە گیانی سڤیل و چالاکوان و ئازادیخوازانی هەموو پارچەکانی کوردستان بکەن، چونکە بەرقەراری ئاسایش و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکاندایە.
لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی کەنەکە داوای لە حزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی کوردستان کرد، ئەم کردەوە تیرۆریستییە و پلانگێڕییەکان بە زەنگێکی مەترسیدار ببینن و دەستبەرداری ناکۆکییە لاوەکیان ببن و ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە، بێدەنگ نەبن و بە ڕۆڵی خۆیان هەستن.