ژنان بە چەندین شێواز دەکوژرێن و دۆسیەکانیان بە بێ ئەنجام دەمێنێتەوە

جگە لە زیادبوونی کوشتنی ژنان، حاڵەتەکانی توندوتیژی و بەتایبەت توندوتیژی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە زیادی کردووە و ژنان بوونەتە زیانلێکەوتووی سەرەکی.

سلێمانی

 

تێپەڕبوونی مانگێک بە بێ گوێبیست بوون لە هەواڵێکی کوشتنی ژنان یاخود توندوتیژی و گێچەڵکردن بە ژنێک دەگمەنە، لە ڕابردوودا ژنان بە چەندین جۆر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرا و دەکوژران، بەڵام  لە ئێستادا ڕێگاکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیادیان کردووە، گێچەڵکردنەکان زیادبوون بەتایبەت لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەروەها مردنی ژنان بە هۆکار نادیار زیادی کردووە و پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا شاردنەوەی ئاماری کوشتنی ژنان و توندوتیژییەکانی سەریان بەردەوامە، تا ئێستاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان ڕێگری لێدەکرێت، ئەمەش بە بیانووی تێکنەدانی دەروونی تاک لە کۆمەڵگەدا، بەڵام نازانن دەبێتە ڕێگا خۆشکەرێک بۆ هەڵکشانی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان.

 

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماری توندوتیژی و حاڵەتەکانی کوشتن و سووتانی ژنان دەخەینەڕوو؛

 

خانەقین

دوای ئەوەی لە ١٦ی حوزەیراندا، ژنێکی بە ڕەگەز کورد بەناوی (ا. ع. ح)، کە چەند مانگێکە هاوژینگیریی کردووە و دانیشتووی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی "وان سیتی"یە لە شارۆچکەی خانەقین، ڕفێندرا و سۆراخی نەماوە، بەپێی زانیارییەکان لە ٧ی تەمموزدا، ٢ کەس، کە کەسی نزیکی هاوژینی ژنەکەن، (ا. ع. ح)یان ڕفاندووە، دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، دانیان بە بردنی ژنەکەدا ناوە کە دەڵێن بۆ نەخۆشخانەیان بردووە، چونکە دەستی خۆی بریندار کردووە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ژنەکە نەبراوەتە نەخۆشخانە و چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە.

 

سلێمانی

٩ی تەمموز بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی ژنێک و دەستبەسەركردنی منداڵەكانی، تۆمەتبارێک بە ناوی "س،ر،س" لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٢ دەستگیر كرا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی وێنەی تۆمەتبارەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە ئەشكەنجەی هاوژینەکەی داوە و لەگەڵ سێ‌ منداڵەكەی، لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەری كردوون، دوای دەستگیرکردنیشی ئەو ژن و سێ‌ منداڵە رزگار کران.

 

کۆیە

٩ی تەمموز، دوو خوشک بە ناوەكانی "شایستە و ماردین" کە تەمەنیان ١٣ و ١٤ ساڵان بوو، لەگەڵ باپیریاندا بە هۆکارێکی نادیار لە زێی بچووکدا خنكان، سەرەتا تەرمی پیاوەكە دۆزرایەوە، دواتر لە ١١ی تەمموزدا تەرمی شایستە دۆزرایەوە و بەیانی ١٣ی تەمموزیش تەرمی ماردینیان لە زێی بچووک دۆزییەوە.


هەولێر

بەرواری ١٣ی تەمموز، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر پێنج تۆمەتباریان دەستگیر کرد، كە بە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بە تایبەت "تیكتۆک، تەلیگرام و فەیسبوک" هەڵساون بە تۆمار كردن و بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی نەشیاوی چەند هاوڵاتیەک لە هەر دوو ڕەگەز، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو تۆمەتبارانە لە بەرامبەر بڵاونەكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی هەر كەسێک، داوای بڕێک پارەیان كردووە، بەو هۆیەشەوە توانیویانە بڕێكی زۆر پارە وەربگرن.

 

دهۆک

١٩ی تەمموز، لە گەڕەكی زانكۆ لە دهۆک لەسەر شەقامی گشتی تەقە لە ژنێک كرا و كوژرا، ژنەکە دایكی سێ منداڵ بوو و لە یەكێک لە ماركێتەكانی شاری دهۆک كاری دەكرد، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەربارەی کوشتنی ئەو ژنە ٣٢ ساڵە بڵاویکردەوە، پاش گەیشتنی تیمەکانیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە  لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرکردنی تاوانبارەکە ڕانەگەیەندراوە.

 

هەڵەبجە

لە بەرواری ٢٤ی تەمموز، لە شاری هەڵەبجە ژنێک بە ناوی شەونم فەیسەل مەجید، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری وهونەر لە شاری هەڵەبجە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، بەپێی لێدوانی موقەدەم بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پولیسی پارێزگای ھەڵەبجە، شەونم تەمەنی ٤٨ ساڵە و لە ڕۆژی ٢٣ی تەمموز لە گەڕەکی شارەوانی ھەڵەبجە لە سەربانی ماڵەکەیان کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. 

 

گەرمیان

لە بەرواری ٢٤ی تەمموزدا، کچێکی تەمەن ۱٥ ساڵ لە کەلار بە خنکان گیانی لەدەستدا، بەوتەی کەسوکارەکەی ڕووداوەکە خۆکوژی بووە و تائێستاش هۆکاری "خۆخنکاندنەکەی" نازانرێت.

 

لە شارەدێی باوەنوور سەر بە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕۆژی ٢٤ی تەمموز ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵ دوای هەوڵی سووتاندنی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی کرا، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ٢٧ی تەمموز بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنە گەنجەکە، دایک و باوکی لە یەکتر جیابوونەتەوە و کچەکە لە ماڵی باپیری ژیاوە، دوای ڕووداوەکەش باپیری (باوکی باوکی) دەستگیر کراوە، کە بە هۆکاری سووتاندنی دەزانرێت.

 

سۆران

لە ٢٩ی تەمموزدا، لە گەڕەکی کانی لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پیاوێک کە خاوەنی دوو ژن بووە هەردووکیانی کوشت، تۆمەتبارەکە راستەوخۆ دوای رووداوەکە خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە، هەربەپێی زانیاریەکان پیاوەکە تەمەنی ٤٠ ساڵە و پیشەی پێشمەرگەیە لە هەردو هاوژینەکەی خاوەنی حەوت مناڵە، کە گەورەترینیان تەمەنی ١٣ ساڵ و بچوکترینیان ١ ساڵە.

 

بەپێی زانیاریەکان پیاوەکە کێشەی لەگەڵ هەردو ژنەکە هەبووە و پێشتریش چەند جارێک لێیداون و جارێکیش هەوڵی کوشتنی داون، بەشێوەیەک نەوتی پێداکردوون و ویستویەتی پێکەوە بیانسوتێنێت.