هانا ڕەزا دەبێتە کاندیدی بەدەستهێنانی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی

هانا ڕەزا،  دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور، لەگەڵ ١٨ کەسی دیکەی جیهانیدا دەبێتە کاندید بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی.

ناوەندی هەواڵ

 

هانا ڕەزا، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕێکخراوی پڵنگانی بێ سنوور، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند کە هەڵبژێردراوە بەدەستهێنانی خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی، كە خەڵاتێكی گەورەی جیهانیە و لەلایەن زانكۆی كالیفۆڕنیاوە پێشكەش دەكرێت.

 

خەڵاتی پریتزكەر بۆ داهێنانی ژینگەیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن زانکۆی کالیفۆرنیا ئامادە دەکرێت و بۆ ئەمساڵ ١٨ کەس لە سەرتاسەری جیهان هەڵبژێردراون کە دۆخی ژینگەیی لە جیهاندا بەرەوپێش دەبەن، کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە سەخت و گرنگەکانی ژینگە، لە بوارەکانی پێشەنگ وەک دیزاینی بەردەوام، یاسای گیانلەبەرە کێوییەکان، پاراستنی نەهەنگەکان و بازاڕەکانی کاربۆن.

 

لە مەراسیمێکدا کە ٢٦ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، سێ براوەی یەکەم لەلایەن لیژنەی تایبەت مەندەوە ڕادەگەینرێت، هانا ڕەزا، لە بارەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەوە دەڵێت: براوەی یەكەم بم یانیش هەر بە كاندیدی بمێنمەوە، گەورەیی خۆی هەیە و دەسكەوتێكی مەزنە بۆ من و كوردستان و عێراقیش، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە، ئەم دانپێدانان و دەسكەوتە جیهانیانە، هاندەرمان بن بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێبازە گرنگە و بەردەوامی و توانا و پشوودرێژی زیاترمان پێ بدەن، لەسەر ئەو خزمەتە كەمەی كە لە توانامان هەیە، هەتا لە ژیانداین.