کوبرا کە لە پەنجەرەکەوە کەوتە خوارەوە؛ محەمەد عەلی یورت فڕێی دام

کوبرا یازوک، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە پەنجەرەوە کەوتەخوارەوە، ئاماژەی بەوەکرد "خۆکوژیی" نەبووە و لەلایەن محەمەد عەلی یورتەوە فڕێدراوە، کە پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ کردبوو.

ئامەد

 

دوای ئەوەی کوبرا یازوک لە پەنجەرەی نهۆمی چوارەمی ماڵەکەیەوە لە ناوچەی سوری ئامەد لە ٤ی تەمووز کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە و تیایدا کوبرا ئاماژەی بەوەکردووە، لەلایەن محەمەد عەلی یورتی هاوژینی پێشوویەوە فڕێدراوە.

 

کوبرا یازوک، کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەکەوە بە سەختی بریندار بوو، بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێت، چونکە زیان بە ئەندامەکانی لەشی کوبرا گەیشتووە و پشتی شکاوە، ئەنجامدەری ڕووداوەکەش، محەمەد عەلی یورت، هێشتا دەستگیر نەکراوە.

 

محەمەد عەلی یورت: هەتا نەتکوژم ناچمە زیندان

کوبرا یازوک ماوەی حەوت ساڵە هاوسەرگیری کردووە و نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر لە محەمەد عەلی یورت جیابووەتەوە، کوبرا لە قۆناغی جیابوونەوەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن بووەوە، کاتێک چوو بۆ ماڵەکەی خۆی تا منداڵەکانی ببینێت، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ محەمەد عەلی یورت قسەی کردووە، محەمەد پێی وتووە، "پۆلیس کێیە؟ بە پۆلیس هەڕەشەم لێدەکەیت؟ هەتا ئەو کاتەی تۆ نەکوژم، من پیاو نیم و ناچمە زیندان"، هەروەها لە ڕۆژی دانیشتنی دادگا بۆ کەیسەکە، کوبرا بە شێوەیەکی گوماناوی لە پەنجەرەوە کەوتە خوارەوە.

 

"قاچەکانی گرتم و فڕێی دام"

کوبرا یازوک، دوای ئەوەی لە نهۆمی چوارەمی ماڵەکەی کەوتە خوارەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، وتی: ڕووداوەکە خۆکوژی نەبووە بەڵکو هەوڵی کوشتن بووە، لەگەڵ کوبرا یازوک کە دوێنێ دوای دوو ڕۆژ لە چارەسەری قورس بردرا بۆ ژووری ئاسایی، چاوپێکەوتنمان کرد.

 

کوبرا ئاماژەی بەوەکرد، لەلایەن محەمەد عەلی یورت، چەندین ساڵە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، ناچارکراوە دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە و بە منداڵەکانی هەڕەشەی لێکراوە ئەگەر بە داواکە ڕازی نەبووایە، کوبرا ئاماژەی بەوەکرد لە کاتی ڕووداوەکە تەنها محەمەد عەلی یورت و کچە پێنج ساڵانەکەی لە ماڵەوە بوون، وتیشی: کاتێک شتێکی لەسەر تەلەفۆن بینی، یەکسەر دەستی کرد بە هێرشکردن، تێنەگەیشتم چی ڕوویدا، ئینجا قاچەکانمی گرت و وتی "تۆ بمرە، پاشان من دەمرم" لە پەنجەرەکەوە فڕێی دام، هەوڵمدا خۆم بە ئاسنەکان لە نهۆمی خوارەوە بگرم، بەڵام نەمتوانی، دواتر نازانم چی ڕوویدا.

 

هیچ زانیارییەک لەسەر تاوانبارەکە لە بەردەستدا نییە

کوبرا یازوک لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت و محەمەد عەلی یورت دوای ڕۆژێک لە تاوانەکە وتەی لێوەرگیرا و ئازادکرا، تۆڕی تێکۆشان دژی توندوتیژی ئامەد دوێنێ چوو بۆ نەخۆشخانە بۆلای کوبرا و لەگەڵ خێزانەکەی کۆبووەوە، پارێزەر ئەسمەر ئۆزەر، ئەندامی ناوەندی مافەکانی ژنان لە بارۆی پارێزەرانی ئامەد، کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد، ڕایگەیاند کە ئەوان بەدوای ڕووداوەکەدا دەڕۆن و لێکۆڵینەوە دەکەن.

 

پارێزەر ئەسمەر ئۆزەر ئاماژەی بەوەدا، خێزانەکە ئاماژەیان بەوەکرد، کە قوربانییەکە پێشتر فەرمانی پاراستنی هەبووە، بەڵام فەرمانەکە چەندین جار لەلایەن تاوانبارەکەوە پێشێل کراوە، لەگەڵ ئەمەشدا، لەبەرئەوەی هاوسەری پێشووی بکەری ڕووداوەکە بەشێوەیەکی پێویست لە دۆسیەکەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ نەکراوە و لێدوانی هەموو ئەو کەسانە وەرگیراوە کە زانیارییان هەبووە، دەستبەجێ محەمەد ئازاد کراوە، ئەم ڕووداوەش جارێکی تر ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لێکۆڵینەوەکان وەک پێویست ئەنجام نادرێن".