دوو مامۆستای ژن لەلایەن تاڵیبانەوە لێیاندرا

هێزەکانی تاڵیبان لە کاتی پێشوازیکردن لە وەزیری پەروەردەی تاڵیبان لە ناوەندی مامۆستایانی بامیان، هێرشیان کردە سەر دوو مامۆستای ژن و لێیان دان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕەخشانە، دوێنێ، ٢٢ی ئایار، دوو مامۆستای ژن لە کاتی پێشوازیکردنی وەزیری پەروەردەی تاڵیبان لەلایەن ناوەندی مامۆستایان لە ئیتیقاقی پارێزگای بامیان، لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە لێیاندرا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ناسنامەی ئەو دوو مامۆستایە کراوە بە ناوەکانی زەهرا حەیدەری و شەریفە ڕۆستەمی کە لە بەردەم مامۆستا و خوێندکارە پیاوەکانی دیکەدا لێیان دراوە.

 

جێی ئاماژەیە، دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت، فشار لەسەر هاوڵاتیان و بەتایبەتی ژنان زیاتر بووە، دەستەی دەسەڵاتداری وڵاتەکەش، بەمەبەستی گۆشەگیرکردنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانیان، هەر بەرنامە و یاسایەک کە دەبێتە هۆی وەدەرنانی ئەو ژنانە، پەیڕەو دەکەن.