پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ٢٠٢٣... وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دواکەوتوون

پەیامنێرانی بێ سنوور پشتڕاستیان کردەوە، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە لافاوێکی زانیاری ناڕاستدا "خنکاوە" و زانیاری ناڕاست لە فۆڕمی بەرفراوانی خۆیدا، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەموو جیهاندا نیشان دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، ٣ی ئایار پەیامنێرانی بێ سنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەگەری بڵاوکردەوە و هۆشداریی داوە، کە شێوازەکانی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان هێڵی سووری بەزاندووە، ڕاپۆرتەکە ناوی "سەردەمی نوێی جەمسەرگیری"یە و تیایدا هاتووە، مەرجەکانی پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەری لە ٪٧٠ی وڵاتانی جیهان خراپە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەو پێشهاتانەی کە لە کەرتی ڕاگەیاندندا ڕوویان داوە، وەک ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی، پسپۆڕانی بەشداری ڕاپۆرتەکە ئاماژەیان بە "تێوەگلانی هەڵسوڕێنەرە سیاسییەکان" داوە لە پێدانی "زانیاریی هەڵە یان هەڵمەتی پڕوپاگەندەی بەرفراوان"دا، ئەمەش زۆرترینی لە ڕوسیا، هیندستان، چین و مالی بەڕێوەبراوە.

 

بەپێی ئەو پۆلێنکردنە کە ١٨٠ وڵاتی لەخۆگرتبوو، دەرکەوت کە دۆخەکە لە ٨ وڵاتدا زۆر باشە، لە ٤٤ وڵاتدا باشە، لە ٥٥ وڵاتیش کێشەدارە، لە کاتێکدا دەرکەوت کە دۆخەکە لە ٤٢ وڵاتدا سەختە، و لە ٣١ وڵاتیشدا لە ئاستی مەترسیدار دایە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا "هێشتا لەژێر قورسایی کۆنترۆڵی خنکێنەردا دەناڵێنێت، جا چ لەسەر دەستی ڕژێمە پاوانخوازەکان بێت یان بەهۆی ئەو سانسۆرەی میلیشیاکان بەسەر میدیاکاندا سەپاندوویانە، بۆیە دۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە زیاتر لە نیوەی وڵاتانی ناوچەکەدا بە مەترسییەکی ئەوپەڕی دادەنرێت".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دابەزینی ڕیزبەندیەکەیان بەخۆوە بینیوە، هەروەها هەندێک وڵاتی وەک کوێت، فەلەستین، عومان، یەمەن و عێراق پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە.
 

بەپێی پۆلێنکردنەکە، کۆمۆرۆس لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا لە ڕیزبەندی ٧٥، مۆریتانیا ٩٧، قەتەر ١٠٥، لوبنان ١١٩، تونس ١٢١، جەزائیر ١٣٦، سۆماڵ ١٤١، مەغریب ١٤٤، ئیماراتی عەرەبی ١٤٥، ئەردەن ١٤٦، سودان ١٤٨، لیبیا ١٤٩، کوەیت ١٥٤، عەمان ١٥٥، فەلەستین ١٥٦، جیبۆتی ١٦٢، میسر ١٦٦، عێراق ١٦٧، یەمەن ١٦٨، سعودیە ١٧٠، بەحرەین ١٧١، سوریا ١٧٥.

 

لە ئاستی جیهانیدا، نەرویج لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی باشترین وڵاتەکانی پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا بوو، لە پلەی دووەمدا هەریەکە لە ئیرلەندا، دانیمارک، سوید، فینلاند، هۆڵەندا، لیتوانیا، ئیستۆنیا و پورتوگال هەن، لە ڕیزبەندی وڵاتە گەورەکاندا ئەڵمانیا لە ڕیزبەندی ٢١، فەرەنسا ٢٤، بەریتانیا ٢٦، ئیتاڵیا ٤١، ئەمریکا ٤٥، ڕووسیا ١٦٤، چین ١٧٩.

 

سەبارەت بە ئێران کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە شاهیدی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ڕیزبەندی جیهانیدا پلەی ١٧٧ی بەدەستهێنا، چونکە ئەو وڵاتە میکانیزمی سەرکوتکردنی توندتر کردووە و زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووسی دەستگیر کردووە.