لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووس مەدینە مامەدئۆغڵو کرا

مەدینە مامەدئۆغڵو، پەیامنێری ئاژانسەکەمان بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە ناوچەی بوومەلەرزە لێدراوەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، ئەو ڕۆژنامەنووسە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان بە بیانووی "هاندانی خەڵک بۆ ڕق و کینەو دوژمنایەتی" وتەی لێوەرگیرا.

ناوەندی هەواڵ

 

مەدینە مامەدئۆغڵو، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی نوژنها، لە دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە مەڕەش و ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا مایەوە و دەنگی خەڵکی زیانلێکەوتووی بۆ ڕایگشتی گواستەوە، لەلایەن بنکەی پۆلیسەوە بانگ کرا تا وتەی لێوەربگیرێت، بە بیانووی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لە میدیای دیجیتاڵیدا.

 

سەرەتا مەدینە مامەدئۆغڵو پێی وابوو دەربارەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆزدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام دواتر لە بنکەی پۆلیس پێی ڕاگەیەندرا، لە مانگی شوباتەوە بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ڕق و کینەو دوژمنایەتی" دۆسیەی لەسەر کراوەتەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو کە لەگەڵ پارێزەرەکی چووە بەردەم دادگا، تۆمەتی کارکردنی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان کە دراوەتە پاڵی، ڕەتکردەوە.

 

ڕەسوڵ تەمور، پارێزەری ڕۆژنامەنووس مەدینە مامەدئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئەرکەی مەدینە مامەدئۆغڵو لە چوارچێوەی چالاکی ڕۆژنامەوانیدان و داوایکرد کە ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانە نەکرێت.