"ئافاد دەستی بەسەر خاکەکەمدا گرت و شارێکی بە کابینە دروستکرد"

سەبیحە جەیهان، زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە ئاماژەی بەوەکرد کە ئافاد بەبێ ئەوەی خاوەن زەوییە کشتوكاڵییەکان ئاگادار بکاتەوە بە کۆنکرێت کردنی شارێکی بە کابینە دروست کردووە و ناتوانن بەو شیوەیە لەسەر خاکەکەیان بمێننەوە.

هاتای

 

هەرچەندە چەند هەفتەیەک بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام لە هاتای کێشەی جدی خانووبەرە و خاوێنکردنەوە هەیە، ئەو هاوڵاتیانەی نەیانتوانی بگەنە چادر و کابینەکان لەبەر باران و سەرمادا ئازار دەچێژن، ئەو منداڵانەی کە لە چادردا دەژین لە سەرما بیزاربوون، دوای بوومەلەرزەکە ئافاد بە ڕشتنی کۆنکرێت لەسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی خەڵکی هەرێمەکە، شارێکی کابینەی دروستکردووە، ئەو هاوڵاتیانەی کە ناتوانن چادرێکیان دەستبکەوێت ئاماژەیان بەوەکرد، ئافاد بێ ئەوەی پرسیاریان لێبکات، شارەکەی لەسەر زەوییەکانیان دروستکردووە و لە شارە دروستکراوەکانیشدا کابینەیەکیان پێنادەن.

 

"بێئەوەی پرسمان پێبکەن شارێکیان لە کابینە لەسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانمان دروستکرد"

یەکێک لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بە ناوی سەبیحە جەیهان خستیەڕوو کە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەو شارانە وێرانکران کە دروستکراون، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان نایانەوێت خاکەکەیان بەجێ بهێڵن و چادریشیان پینەداون،  دوای نزیکەی ٢٠ ڕۆژ بەبێ ئاگادارکردنەوە شارێکیان بە کابینە لە کێڵگەی گەنمەکەیاندا دروست کرد، هەروەها کابینەیەکیان لەو شارانەی لەسەر خاکەکەیان دروست کراوە پێنەدراوە.

 

"ئافاد دەستی بەسەر خاکەکانماندا گرت"

سەبیحە جەیهان، ئاماژەی بەوەشکرد کە زەویەکانیان بەبێ ئاگادارکردنەوەیان دەستی بەسەردا گیراوەو وتی: "ئەم پڕۆسەیە لەلایەن ئافاد بەڕێوەدەبرێت، دەستی بەسەر ئەو زەویانەدا گرتووەو ماف بە کەس نادات، ئێمە وا دادەنێین کە ئافادە چونکە ئەوان پێمان ناڵێن کە ئەوان کێن، با کابینەیەکمان پێبدەن، بەلایەنی کەمەوە ئێمە مافی دابینکردنی کابینەمان هەیە، ئێمە ٥ دۆنم زەویمان هەیە، هەندێکیان ٥٠ دۆنم زەوییان هەیە، بەڵام مافی ژیانمان لەسەر خاکەکەمان پێنادەن، ئێمە لە هەر چادرێکدا ١٥ بۆ ٢٠ کەس دەبین بەڵام نە چادر و نە کابینە هیچ شتێک نابەخشن".

 

هێشتا لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا تەرم هەیە

سەبیحە جەیهان، سێ ڕۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەی بەبیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە هێشتا تەرمەکان لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا هەن و وتی: "نە مردووەکان و نە ڕزگاربووەکان دەرنەهێندران،ئێستا  گەورەترین کێشەمان خاوێنی و ئاوە، بۆ هاتای هیچ پشتگیرییەک نەبوو، ئێمە زۆر زەحمەتیمان هەبوو، هەموو یارمەتیەکان درەنگ هاتن، ئەوانەی لە ژێر دارەپەردوودان هێشتا بێسەروشوێنن، لانیکەم ١٠ کەس لە هەر خێزانێک لێرە گیانیان لە دەستداوە".