بانگەوازی بۆ بەشداری لە ڕێپێوانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی بڵاوکرایەوە

بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان سبەی ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆ بانگەوازی بۆ بڵاوکرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شاری سلێمانی ئەندامانی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵێک چالاکوان و ئازادیخواز بانگەوازییان بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانی جەماوەی بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە.

 

لە بانگەوازییەکەدا، کە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڵاوکرایەوە، داوایانکرد بەشدارییەکی بەرفراوان لە ڕێپێوانی ڕۆژی چوار شەممە، ١٥ی شوبات بکرێت، کە لە ٢ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکە بەرەو باخی گشتی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

 

چرۆ شوانی، پارێزەر و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، لە چالاکییەکەدا ئاماژەی بەوەدا، زنجیرە چالاکییەکان بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان و بێدەنگی سی پی تی لە ئاست گۆشەگیرییەکانی سەر ڕێبەر ئۆجالان، ئێمەش وەکو کورد و وەک باشووری کوردستان خۆمان بە خاوەندار بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ دەزانین و زنجیرە چالاکی بەڕێوەدەبەین و داواکارین هاوڵاتیان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نەتەوەییەوە بەشداری ڕێپێوانەکەی سبەینێ ببن.