کەژاڵ نوری بەرهەمێکی نوێ بۆ گەریلاکانی ئازادی بڵاودەکاتەوە

کەژاڵ نوری مەلەک، هۆنەر نوێترین بەرهەمی خۆی بۆ گەریلاکانی ئازادی بڵاودەکاتەوە، کە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەژاڵ نوری مەلەک، هۆنەر، نوێترین بەرهەمی خۆی بۆ گەریلاکانی ئازادی نووسیوە و بڵاوکردوەتەوە، کە چەندین ساڵە لە چیاکانی کوردستان دژی داگیرکاری و چەکی کیمیایی تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد و کوردستان دەکەن.

 

کەژاڵ نوری لە هەڵبەستەکەیدا باس لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی لەناو زەحمەتی و دۆخی سەختی چیادا دەکات، لەلایەن ئەحمەد بەرزنجی ئاوازی بۆ دانراوە و وتراوە، موشتاق فەیزایایی کاری میوزیکی بۆ کردووە.

 

دەقی هەڵبەستەکە:

ماڵ لە چیا، سەرین لە بەرد، شیوو لە سەهۆڵ

جل لە گەڵا. ژوور لە ئەشکەوت، دۆشەک لە خۆڵ

پێخەف لە با، خەون ئازادیی، سەرمایەتان یەک پشتەکۆڵ

ناو گەرێلا، ناسنامە کورد، جبەخانە هێزی باسکە و قۆڵ

ـــــــــــــــــــــ

پیشەتان بەرگری ڕەوا، ناوبانگتان چەلەنگ و عەگید

برینی خاک ئەدەن بە شانا و، هەر بە پێوە ئەبن شەهید

وەک پەروانە تەمەن کورت و میوانێکی سەرپێی ژیان

بێ هیچ سەودا و مامەڵەیەک. بە نیشتمان دەبەخشن گیان

ــــــــــــــــــــ

ماڵ لە چیا، سەرین لە بەرد، شیوو لە سەهۆڵ

جڵ لە گەڵا، ژوور لە ئەشکەوت، دۆشەک لە خۆڵ

پێخەف لە با، خەون ئازادیی، سەرمایەتان یەک پشتەکۆڵ

ناو گەرێلا، ناسنامە کورد، جبەخانە هێزی باسکە و قۆڵ.

 

 

کەژاڵ نوری مەلەک کێیە؟

کەژاڵ نوری مەلەک، لە ١ی ئاداری ١٩٧٠ لە گوندی کوێرەک لە بناری بەمۆ سەر بەشارۆچکەی دەربەندیخان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بە سەرکەوتووی تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٩١دا لە دوای قۆناغی ئامادەیی لەبەر خراپی باری ئابوری دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و دەستی داوەتە کارکردن و سەرەتا لە چەندین ڕێکخراوی حزبی و ئۆرگانی حزبی و ژنان هەتا ساڵی ١٩٩٤ کاری کردووە.

 

کەژاڵ نوری مەلەک، لە ساڵی ١٩٨٨ دەستی بە هۆنراوە نووسین کردووە و لە دەیان کۆڕ و سیمیناری لە باشووری کوردستان، هۆڵەندا، فەرەنسادا بەشداری کردووە، ساڵی ٢٠١٣دا هۆنراوەی "ئەگەر لە پاریس ئەژیام"ی بڵاوکردەوە، کە بۆ کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد بە ناوەکانی، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز نووسی و دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.