ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەسەر گۆڕەکانیان بەبیرهێنرانەوە

دوێنێ ٩ی کانوونی دووەم، ١٠یەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سێ ژنی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ بوو، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کە لە پاریس تیرۆرکران لەسەر گۆڕەکانیان بەبیر هێندرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی فەرەنسا بەدەستی عومەر گونەی و بە هاوکاری میتی تورکیا، هەریەک لە ساکینە جانسز-سارا، فیدان دۆغان-ڕۆژبین، لەیلا شایلەمەز-ڕوناهی تیرۆرکران، بۆ بەبیرهێنانەوەیان و شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە، دوێنێ لە کوردستان و چەندین وڵاتی جیهان چالاکی بەڕێوەچوو.

 

لە دێرسیم یادی ساکینە جانسز کرایەوە

لە بینای پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە دێرسیم و لەسەر گۆڕەکەی، یادی ساکینە جانسز کرایەوە، هەروەها وێنەی فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز دانرا و مۆم بۆ سێ ژنی شۆڕشگێڕ داگیرسێندرا، لە یادەکەدا مەرال دانش بێشتاش جێگری هاوسەرۆکی گروپی هەدەپە، ئەندامانی تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئا و چەندین هاوڵاتی شارەکانی دەوروبەریان ئامادەبوون، یادەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان و دیموکراسیدا گیانیان لەدەستدا دەستیپێکردو پاشان فیلمی ژیانی ساکینە جانسز نمایشکرا.

 

پۆلیس هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەکە

دوای بەڕێوەچوونی یادەکە، بەشداربووانی ویستیان بچنە گۆڕستانی گوندەکە بۆ سەر مەزاری ساکینە جانسز، بەڵام چوونە ژوورەوەی گوندەکە لەلایەن پۆلیس و سەرباز و جەندرمەوە ڕاگیرا، بە بیانوی "قەدەغەی چالاکی و بەرنامەکان" ڕێگە نەدەدرا بچنە ناو گوندەکەوە، پۆلیس هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەکە، بەڵام بە پێداگری پەرلەمانتارانی هەدەپە چوونە گۆڕستانەکە و لەسەر مەزاری ساکینە جانسز گوڵیان دانا.

 

لە مەرەش یادی فیدان دۆغان کرایەوە

لە مەڕەش لە مەراسیمێکدا فیدان دۆغان بەبیرهێنرایەوە و کەسوکاری فیدان دۆغان و وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" ئیبرو گونەی، ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، ئایشە سوروجو پەرلەمانتاری ڕەحای هەدەپە، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی و چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بە ڕێزەوە بەشدارییان کرد.

 

"ئەگەر ڕوون بکرایەتەوە، ئەوا کۆمەڵکوژیی دووەم ئەنجام نەدەدرا"

ئیبرۆ گونەی، وتەبێژی هەدەپە، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر ئەم تیرۆرەی ١٠ سال بەرلە ئێستا ڕوون بکرایەتەوە، ئەوا کۆمەڵکوژیی دووەمی پاریس دوو هەفتە پێش ئێستا ئەنجام نەدەدرا، وتیشی: دۆست و دوژمنان دەزانن کە ژنی کورد لە هیچ فشار و کۆمەڵکوژییەک ناترسێت و ژنانی کورد هەرگیز لە خەباتی خۆیاندا پاشەکشەیان نەکردووە، دیمەنی ساکینە جانسز لە زیندانی ئامەد دیارترین نموونەی ئەمەیە، ئێمە لە فیدانەوە دەزانین کە سەرەڕای ئەو هەموو سیاسەتە بۆ دوورخستنەوە لە دەرەوەی وڵات ژیاوە، لە لەیلاوە دەزانین کە خەباتی گەنجان بەردەوامە، هەموو جیهان ئەمڕۆ بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە سیمبولی تێکۆشانی ژنانی کوردە، بەرخۆدان دەکات، هەرچۆنێک بێت دەوڵەت ناتوانێت ڕێگری لەو ژنانە بکات کە بڕیاریانداوە بەرگری بکەن.

 

لە مێرسین یادی لەیلا شایلەمەز کرایەوە

مەراسیمێک بۆ لەیلا شایلەمەز لەسەر گۆڕەکەی لە مێرسین بەڕێوەچوو، ئایشە ئاجار باشاران، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و پەرلەمانتاری هەدەپە، جومالی شایلەمەز، باوکی لەیلا و چەندین کەسی دیکە ئامادەی یادەکە بوون، یادەکە بە ڕێزەوە دەستیپێکرد و دروشمی "ژن ژیان ئازادی" و "شەهید نامرن" بەرزکرایەوە.

 

ئێمە دەزانین کە ئاکەپە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە ئەو کۆمەڵکوژییە بکات

ئایشە ئاجار باشاران، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ڕایگەیاند، کە هێزەکانی پشتی کۆمەڵکوژییەکە سەرەڕای ١٠ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا نەکراون، وتی: ئێمە دەزانین کە ئاکەپە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە ئەو کۆمەڵکوژییە ئەنجام بدات، هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانە ڕێکەوت نییە، دەسەڵاتدارە پیاوەکان سەرەتا ژنان دەکەنە ئامانج بۆ بنیادنانی ڕژێمەکەیان، ئەوان دەیانەوێت بە کۆمەڵکوژی ژنان بوونی خۆیان بهێڵنەوە.