ناسنامەی بکوژی ناگیهان ئاکارسەل ئاشکرا بوو

ناسنامەی بکوژی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی ئاشکرا بوو، ناوی ئیسماعیل پەکەرە و خەڵکی ناوچەی مەمەکە لە ئەنقەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە ٢٥ی کانوونی دووەمدا بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی ستێرک تیڤی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو کەسەی لە ٤ی تشرینی یەکەمدا ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەنووسی لە سلێمانی تیرۆرکردم ناوی ئیسماعیل پەکەرە و خەڵکی ناوچەی مەمەکە لە ئەنقەرەی وڵاتی تورکیا.

 

"پلانیان دانا و بکوژەکەیان نارد"

زوبێر ئایدار دەڵێت: ئەو کەسە خۆی تاوانبارە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، ئێمە دەزانین ئەو کەسە چی وتووە و دانی بە چیدا ناوە، وتوویەتی، 'من بۆ کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل هاتوومەتە ئێرە، پارە و هەموو شتێکیان پێدام'، واتە پلانیان داناوە و بکوژەکەیان ناردووە، بکوژەکە وتووشیەتی، 'ئاگاداریان  کردمەوە کە ناگیهان ماڵەوەی بەجێهێشتووە و لە شوێنێکی نزیک لە ماڵەکەوە وەستابووم، ناگیهانم بینی کە بە پێ دەڕوات و لە شەقامدا کوشتم. پاشان هەوڵمدا ڕابکەم بۆ هەولێر، دەمزانی ڕاکردن بۆ هەولێر ڕزگارم دەکات'.

 

هەموو دانپێدانانەکانی ئاشکرا نەکراون

تا ئێستا لە سلێمانی چەند ڕووداو ڕوویدابێت، بکوژەکە ڕووی لە هەولێر کردووە، هەولێر بووەتە ئەنقەرە بۆ ئەو کەسانە، شوێنی ڕزگاربوونیانە، بەڵام پێش ئەوەی بکوژی ناگیهان بتوانێت هەڵبێت بۆ هەولێر، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر دەکرێت، زوبێر ئایدار وتیشی: بکوژەکە دانی بە زۆر شتی تردا ناوە، بەڵام بۆ ئێستا ئێمە ئەوەندە ئاشکرا دەکەین، ئەنجامدەری هێرشەکەی پاریسیش کەسێکی لەو جۆرەیە، گرنگ ئەوە نییە کێ تەقەی کردووە، گرنگ ئەوەیە کێ پلانی بۆ داناوە.