دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە کۆنترین فێستیڤاڵی فیلم لە ئەوروپا

کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپی ئەمساڵ بۆ پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمساڵ ٦٣یەمین فێستیڤاڵی فیلمی تەسالۆنیکی، کە یەکێکە لە کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی ئەوروپا، بە پاڵپشتی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە وڵاتی یۆنان دەستیپێکرد.

 

لە فێستیڤاڵەکەدا لافیتەیەک بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی هەڵواسرا کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانە، کە ماوەی دوو مانگە بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە.

 

ئەلیس جەلادۆ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ، لە مەراسیمی کردنەوەدا وتی: ئێمە بە ترس و ئومێدەوە سەیری خەباتی ژنانی ئێران دەکەین. فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ تیشک دەخاتەسەر مافەکانی ژنان و ژنە سینەماکارەکان، کە هونەری سینەمایان هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بردووە، هەروەها سیمبولی ژنی ئازا لە پۆستەری فێستیڤاڵەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.