سەدان نەمام وەک بیرهێنانەوەی ناگیهان ئاکارسەل دەچێنن
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە شاری تەبقا بۆ یادی ناگیهان ئاکارسەل، کە لە شاری سلێمانی تیرۆرکرا، سەدان نەمامیان چاند.

ناوەندی هەواڵ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە شاری تەبقا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگە، بۆ ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕۆژنامەنووس کە لە شاری سلێمانی تیرۆرکرا، سەدان نەمامیان لە ڕێگای نەخۆشخانەی نەتەوەیی چاند.
ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیکی تەبقا، نوێنەرانی مەکتەبی کۆمەڵگەی ژنانی زینوبیا، سەرۆک عەشیرەتەکان، یەکێتی ژنانی گەنج و ئەندامانی بزوتنەوەی لاوانی شۆڕشگێڕی سوریا و چەندین کەسی دیکە بەشدارییان لە چاندنی نەمامەکاندا کرد.
ماریا ئیسماعیل، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە تەبقا، وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: کاتێک مرۆڤ لە سروشت دوور بێت، لە خۆی و ژن و کۆمەڵگەش دوور دەبێتەوە، ژنۆلۆژی گرنگی بە سروشت دەدات و هۆشیاری پاراستنی سروشت بڵاودەکاتەوە. بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لێرە یەکڕیزیمان بەهێزتر دەبێت. هیوا و ژیان بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەچێنین.
هودا ئەل عوان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی یاسادانانی تەبقا، وتی: لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەکوژرێن. تاوانەکان دژ بە ژنان لە زیادبووندان. ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا بەشدار بوون، گرنگییەکی زۆریان بە پەیوەندی نێوان ڕزگاری خاک و ڕزگاری ژنان داوە، لێرەدا پرۆسەیەکی نوێ لە مێژووی ژناندا دەستیپێکرد، بوون بە شەڕڤان، شۆڕشگێڕ، سیاسەتمەدار و پێشەنگ.