٩ حاڵەتی بازرگانی سێکسی و حاڵەتێکی بارزگانی بە منداڵەوە ئاشکرا کراوە
بهڕێوهبهرایهتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان ئاماری سێ ساڵی چالاکییەکانی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند کە ٩ حاڵەتی بازرگانی سێکسی و حاڵەتێکی بارزگانی بە منداڵەوە ئاشکرا کراوە.

ناوەندی هەواڵ
بهڕێوهبهرایهتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان، کە ساڵی ٢٠١٨ دامهزراوه، دوێنێ ١٤ی ئاب ئاماری سێ ساڵی بارزگانیکردن بە مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩-٢٠٢٠-٢٠٢١ بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان بەرێوەبەرایەتییەکە، کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تا ئێستا ٣٥٤ کۆمپانیا بەدواداچوونیان بۆ کراوە کە ١٢یان دراونەتە دادگا، لە پارێزەرانیش ٣٧ کەس بەدواداچوونیان بۆ کراوە و دووانیان دراونەتە دادگا و لە هاووڵاتییانى بیانیش ١٤٩٨ کەس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدراوە کە لەم ژمارەیە ١٠٨ کەسیان قوربانیی بازرگانیکردن بوون بە مرۆڤ و ١٧یان ڕەوانەى داڵدەکراون و ١٧ى تریشیان گەڕێنراونەتەوە وڵاتى خۆیان و ٤ هاووڵاتیى بیانیش دیپۆرت کراونەتەوە.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی سێ ساڵدا ژمارەی تاوانەکان بەم شێوەیە تۆمار کراوە:
ـ کارکردن بە زۆرە ملێ (سوخرە): ١٧ حاڵەت
ـ بازرگانی سێکسی: ٩ حاڵەت
ـ بازرگانی بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ: ٣٣ حاڵەت
ـ بازرگانی بە منداڵ: ١ حاڵەت
ـ بازرگانی بە ئەوانەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە: ١١ حاڵەت
ـ کاری بە قاچاغ بردن: ٧ حاڵەت
ـ بەکارهێنانیان وەك سواڵکەر: ١٠ حاڵەت