شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: کاتی ئەوەیە کورد و نەتەوەکانی دیکەی عێڕاق ڕابچڵەکن
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بۆردومانی ناوچەی گەشتیاری پەرەخ ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم ڕووداوە سەرانسەری عێراق ڕابچڵەکێنێت و سنورێک بۆ ئەو هێرشە دڕندانەیەی تورکیا دابنرێت.
ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە، لەبارەی بۆردومانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ناوچەیەکی گەشتیاری گوندی پەرەخی زاخۆ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە جارێکی تر تۆپخانەی تورکیا هاوینەهەوارێکیان تۆپباران کرد کە بوویە هۆی شەهیدبوونی چەندین هاوڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی تریش، ئەم ڕووداوە ئیتر کاتیەتی هەموو تاکێکی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی تر لەسەرانسەری عێراق ڕابچڵەکێنێت، چونکە ئیتر قبوڵکراونیە خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق هەروا ئاسان و هەرزان بڕژێت و سنورێک بۆ ئەو هێرشە دڕندانەیە دانەنرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: "ئیتر کاتیەتی ئەو ڕێککەوتنە ئەمنیەی دەمێکە بەسەرچووە بەڕەسمی هەڵوەشاندنەوەی ڕابگەیەنرێت، ئاسمان و زەوی هەرێم و عێراق بە ڕووی تورکیا دابخرێت و چیتر وزەی هەرێم نەخرێتە خزمەتی سوپا و دەوڵەتێک کە تینووە بە خوێنی هاوڵاتیانی کورد و عێراق و ڕێککەوتننامەی پەنجا ساڵەی بەفیڕۆدانی وزە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە مامەڵە لەگەڵ ووڵاتێک دەکرێت ڕێز لە خاک و خەڵکەکەی بگرێت، بەڵام تورکیا تەواوی یاسای زەوی و ئاسمانی پێشێلکردووە، بۆیە پێویستە ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی دانانی سنورێکی کۆنکرێتی لەبەردەم خواستە داگیرکاری و خوێنڕژیەکانی تورکیا.
هاوخەمی کەس و کاری شەهیدانی ئەمڕۆ و تەواوی ئەو شەهیدانەم کە بە بۆردومان و تۆپبارانی تورکیا شەهیدبوونە و هیوای چاکبونەوەی زووش بۆ برینداران دەخوازم".
جێی بەبیرهێناوەیە، کە دەوڵەتی تورکیا جاری یەکەمی نییە شوێنی گەشتیاری بکاتە ئامانج، لە ڕۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٠ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردومانی ناوچەی کونەماسیی کرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە ناوچەیەکی گەشتیارییەوە و هەشت هاوڵاتی برینداربوون، دوو لە بریندارەکان منداڵ بوون و تەمەنیان لە نێوان ٢-٣ ساڵاندایە، دوو برینداریشیان ژنن و چوار بریندارەکەی دیکەش پیاون.