ژنانی ئێزدی بە پەروەردە وەڵامی هەموو هێرشەکان دەدەنەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ژنان و ژنانی گەنجی ئیزیدخان، بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو فەرمانەکانی دژ بە بوونیان بدەنەوە، خۆیان لەبارەی بیرۆکەی ئازادی ژن و گەل پەروەردە دەکەن.

شەنگال

 

دوای ئەو ئازار و دڕندەییەی کە ژنانی ئێزدی بەهۆی هێرشی داعشەوە ڕووبەڕووی بوونەوە، ژیانی سنووردارکراوی ڕابردوویان قبوڵ نەکرد، بۆیە ئەمڕۆ ژنان و ژنانی گەنجی ئێزدی لە هەموو بوارەکاندا بە ڕەنگی خۆیان، خۆیان ئامادەکردووە و بەهێزتر دەبن، بە نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ ئەکادیمیای شەهید بنەفش ئەگالی لە شاری شەنگال کردەوە، ئەکادیمیاکە بۆ پەروەردە کردنی ژنان ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بابەتەکانی لە بارەی ئازادی ژن، ڕەگەزگەرایی، مێژووی ئیزیدخان، مێژووی ژن، پاراستنی سروشت، نەتەوەی دیموکراتیک، شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ دەوترێتەوە.

 

"دەمانەوێت پەرە بە خۆمان بدەین و بەرەنگاری هەموو هێرشەکان ببینەوە"

سێڤێ مەتۆ، یەکێک لە بەشداربووانی پەروەردە، ئاماژەی بەوەدا ڕێگەی سەرەکی بەرگریکردن خۆپەروەردە کردنە، "لە ئەنجومەنی گوهبەلەوە بەشداریم لەم پەروەردەیەدا کردووە، ئێمە دەمانەوێت خۆمان پێشبخەین بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی هەموو هێرشەکان ببینەوە، لە دوایین فەرماندا ژنانی ئێزدی زۆرترین زیانیان بەرکەوت، بۆیە دەمانەوێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بپارێزین".

 

"پێویستە هەموو ژنانی ئێزدی خۆیان ڕێکبخەن"

دایە هەلۆک خدر، داوای لە هەموو ژنانی ئێزدی کرد لە ڕووی فیکرییەوە خۆیان پێشبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بەها دەستکەوتووەکان بپارێزن و وتی: ئەگەر بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ نەبوایە، نەماندەتوانی لێرە کۆببینەوە و خۆمان پەروەردە بکەین، ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوودا ئه‌م ده‌سه‌ڵات و بیره‌مان هه‌بووایه‌ که‌س نه‌ده‌کەوته‌ ده‌ستی داعش، داوا لە هەموو ژنانی ئێزدی دەکەم ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و خۆیان پێشبخەن و ڕێکبخەن.

 

هاوکات یه‌كێتییه‌كانی ژنانی گه‌نجی شنگال دوای ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م كۆنگره‌یان ده‌ستیان به‌ پەروەردەی ئایدیۆلۆژی كرد، ٦ ژنی گەنج بەشداری پەروەردەکە دەکەن، ئەو بابەتە سەرەکیانەی کە خۆیان لەسەر پەروەردە دەکەن بریتین لە ئازادیی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی شەڕی تایبەتی سەر گەنجان و کۆمەڵگەی ئێزدی.

 

"ئێمەش وەک ژنانی ئێزدی لێپرسینەوە لە هۆکارانی فەرمانەکە دەکەین"

حەلە خدر، یەكێكە لە بەشداربووانی پەروەردەی ژنانی گەنج، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ساتێكی ژیانیان تایبەتە بە خۆڕێكخستنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی هەموو فەرمانەكان بدەنەوە و وتی: لەم دوو ڕۆژەدا وەك ژنی گەنج دەستمان بە پەروەردە کردووە، لەبەرئەوەی ڕێکخستن نەبووین لە کاتی فەرماندا زۆرمان کەوتە دەستی داعش و تائێستا چارەنووسیان نادیارە، ٨ ساڵ بەسەر دەرچوونی فەرمانەکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام کەس داوای لێپرسینەوەی لە بەرپرسان نەکردووە، ئێمە وەک ژنانی گەنج بانگەشەی ئەوە دەکەین کە دەبینە وەڵام و لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە بوونە هۆی فەرمانەکە.

 

"دەبێت ئەو کەسانەی هۆکاری فەرمانەکە بوون ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە"

فەلەک ناز، ئەندامێكی یەكێتی ژنانی گەنجی شنگال، پرسیاری لە حكومەتی عێراق كرد بۆچی ئەو كەسانەی هۆكاری ئەو فەرمانە بوون لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەكراوە و وتی: وەك ژنانی گەنج دەمانەوێت لەڕووی فیكرییەوە خۆمان پێشبخەین، بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو هێرشەكان بدەینەوە، ٨ ساڵ بەسەر فەرمانەکە تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا کەس هیچی بۆ پێکهاتەی ئێزدی نەکردووە، زۆرێک لە ژنانی ئێزدی تا ئێستاش لە دەستی داعشدان، پێش هەموو شتێک دەوڵەتی عێراق و هەموو دەوڵەتەکانی دیکە پێویستیان بە دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعش هەیە کە لە دەستیاندایە، هه‌روه‌ها دەبێت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆی ئه‌و فه‌رمانه‌ بدرێنه‌ دادگا. ئێمە وەک ژنانی گەنج تا کۆتایی خەبات دەکەین بۆ دانپێدانان بەو کۆمەڵکوژیەی بەسەر کۆمەڵگەکەماندا هێنرا.