سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان دەستی لەکارکێشایەوە
بەهۆی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد.

سلێمانی
سەرچنار ئەحمەد کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاوکردووەتەوە نووسیویەتی: "ئەمڕۆ ٦-١١-٢٠٢٢ پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر سوێندخواردنم وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ٦-١١-٢٠١٨، ئەوەی لەسەرشانم بوو و لەتوانامدابوو جێبەجێم کرد، سوپاس بۆخواو و سوپاس بۆ متمانەی دەنگدەرانم کە منیان کردە نوێنەری خۆیان بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانیان بکەم لە دەرەوەو ناوەوەی هۆڵی پەرلەمان".
ئاماژەی بەوەشداوە: "ئێستاش کە چوار ساڵ تێپەڕبووە بەسەر ئەو ماوەیە و لەبری ئەوەی ئەمڕۆ ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن و کۆتایی بەخولی پێنجەمی پەرلەمان بێت، بەداخەوە پەرلەمان ماوەی تەمەنی خۆی درێژکردەوە و لەسەر حسابی مافی دەنگدەر گەورەترین یاساشکێنی و پێشێلکاری یاسایی ئەنجامداو درێژەی بەو عورفە فەسادەدا کە ئەمە هەشتەمین جارە دووبارەی دەکاتەوە، ئێمەش بۆ پاکڕاگرتنی گەردنی خۆمان بەرامبەر بە خواو خاک و خەڵک، بۆ پاراستنی مافی دەنگدەر کەتەنها بۆ چوار ساڵ متمانەی پێبەخشیوین دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هیوادارە ببێتە دەستپێک و فشارێکی مەدەنی بۆ سەروەری و ڕێزگرتنی یاسا و کۆتایی هێنان بە یاساشکێنی و حسابکردن بۆ مافی دەنگدەرو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەکاتی خۆیدا.
دەستلەکارکێشانەوەی سەرچنار ئەحمەد لە کاتێکدایە، کە بەهەمان هۆکار شایان عەسکەری پەرلەنتاری هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی ئەمساڵ دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە.