گۆڕستانەکانی کرماشان لە ڕۆژی عاشورا بەبێ هۆکار دادەخرێن

هاووڵاتیانی کرماشان پێیان وایە داخستنی گۆڕستانەکان لە ڕۆژی عاشورا ترسی دامودەزگاکانی حکومەتە لە بوونی خەڵک لە سەر گۆڕی مردووەکان.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی گۆڕستانی کرماشان بە بێ ئاماژەدان بە هۆکاری داخستنی گۆڕستانەکانی کرماشان لە ڕۆژی عاشورا، ڕایگەیاند: " گۆڕستانەکانی کرماشان لە ڕۆژی عاشورا دادەخرێن و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە ناشتن و پرسە ئەنجام نادرێن."

 

هاووڵاتییانی کرماشان پێیان وایە هۆکاری ئەم داخستنە ترسی دامودەزگاکانی حکوومەتە لە ئامادەبوونی خەڵک لە سەر گۆڕی شەهیدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژی عاشورا، داخستنی گۆڕستانەکانی کرماشان بێ هیچ هۆکارێک لە کاتێکدا هەشت ڕۆژ بەسەر مانگی موحەڕەمدا تێپەڕیووە و لە بەربەستی ڕۆژی عاشوراداین، بەهۆی ئەوەی هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ئەگەری بوونی هاووڵاتیان و کەسوکاری ئەو کوژراوانە لە سەر گۆڕەکانیان زۆرە.

 

بۆیە خەڵک پێیان وایە هۆکاری سەرەکی ئەم داخستنە و ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حکومەت بە نیازە ڕێگری بکات لە ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕستانەکان.

 

شایانی باسە شەش هاووڵاتیی شاری کرماشان بە ناوەکانی مینوو مەجیدی ٦٢ ساڵ، ڕەزا شەهپەرنیا ٢٠ ساڵ، ئەمیر حسێن بەساتی منداڵێکی ١٥ ساڵ، ڕامین کەرمی ٣١ ساڵ، سینا نادری ٢٢ ساڵ و ئارمین سەیادی ١٨ ساڵ، لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، کە دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی لە لایەن حکومەتەوە، ئەوان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە کوژراون، ئەم کوژراوانە لە گۆڕستانەکانی میناباد، دێرەدریژ و بەهەشت زەهرا لە شاری کرماشان بە خاک سپێردراون.