دایکی شەهید گەرمیان: بێ ڕەزامەندی ئێمە دۆسیەی شەهید گەرمیان براوەتە دادگای هەولێر

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێزان عەسکەری، دایکی شەهید گەرمیان باسی لەوەکرد کە بێ ڕەزامەندی ئەوان دۆسیەی شەهید گەرمیان لە دادگای چەمچەماڵەوە براوەتە دادگای هەولێر.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٨ی ئاب، کەشوکاری شەهید گەرمیان، کە یەکێکە لە شەهیدانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ و بە فیشەکی لقی ١٩ی پەدەکە لە گەرمیان شەهیدکرا لەکاتێکدا تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و ئاماژەیان بەوەدا کە دۆسیەی شەهید گەرمیان بێ ڕەزامەندی خێزانەکەی براوەتە دادگای هەولێر.

 

ڕێزان عەسکەری، دایکی شەهید گەرمیان لە کۆنگرەکەدا خستیەڕوو کە کوڕەکەی لەلایەن لقی ١٩ی پەدەکە لە گەرمیان شەهیدکراوە دەبوو دۆسیەکەی لە دادگای چەمچەماڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام دۆسیەکە لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگای هەولێر.

 

ڕێزان عەسکەری جەختی لەوەشکردەوە کە گواستنەوەکە بۆ مەبەستی داخستنی دۆسیەکەیە، "دۆسیەکەمان دوو پارێزەری هەیە کاری لەسەر دەکەن و ڕێگە نادەین دابخرێت.

 

شوباتی ساڵی ٢٠١١ بە پێشەنگایەتی گەنجان و هاوڵاتیان دژی نادادپەروەری و گەندەڵی و خراپی دۆخی هاوڵاتیان خۆپیشاندانی بەرفراوان لە پارێزگای سلێمانی، ڕانیە، گەرمیان، چەمچەماڵ و چەندین ناوچەی دیکە کران، ئاراستەی خۆپیشاندانەکان گرژی تێکەوت و لە لایەن لقی یەنەکە و پەدەکەوە تەقە بەڕووی خۆپیشاندەراندا کرا و چەندین کەس شەهید بوون.