ناوەندەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان داخرا
پاش تۆپبارانکردنی ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کە ژمارەیەک هاوڵاتی عەرەب بوونە قوربانی، ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی عێراقی لێکەوتەوە و ناوەندەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا لە بەشێکی شارەکان داخران.
ناوەندی هەواڵ
پاش ئەوەی دەوڵەتى تورکیا لەپاش نیوەڕۆی ٢٠ ئەم مانگەدا تۆپبارانى گوندى پەرەخى لە سنوورى زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و ٢٣ کەسی دیکەش بریندار بوون کە خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، بەو هۆیەوە هەڵوێستی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی عێراقی لێکەوتەوە و ناوەندەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا لە بەشێکی شارەکان داخران.
ئەمڕۆش لە کەرکوک هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان لە بەردەم ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا کرد و لە ئەنجامدا ناوەندەکەیان داخست.
هەروەها لە بەشیکی شارەکانی عێراق هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرد، لە ئەنجامدا باڵیۆزخانەی دەوڵەتی تورکیا لە بەغدا داخرا و ئاڵای تورکیا داگیرایە خوارەوە، هەروەها ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا لە نەجەفیش داخرا.
هەر بۆیە لەبەر مەترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان، دەوڵەتی تورکیا بڕیاریدا ناوەندی پێدانی ڤیزای تورکیا لە شاری سلێمانیش دابخات.