بۆ هەنگوین دارێکی گەورەو بەتەمەن دەسوتێندرێت
لە سنوری سلێمانی لەپێناو بەدەستهێنانى هەنگوین دارێکى گەورە و بەتەمەن سوتێنراوەو پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی دەکات.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، دواى ئەوەى هەواڵدرا بە بنکەى پۆلیسى دارستانى خدران لەسنورى گوندى چنارانی سەر بە شارۆچکەی دوکان دارێکى گەورە و بەتەمەن ئاگرى تێبەردراوە و سوتێندراوە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکى بنکەى ناوبراو گەیشتنە شوێنى ڕووداوەکە .
ئاماژە بەوەشکراوە ئەگەرچى بەزوویی هەوڵى کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵى ئاگرەکە درا، بەڵام بەهۆى ئەوەى کاریگەرى سووتاندنەکە زۆر بوو درەختە گەورە و بەتەمەنەکە شکاوە و کەوتووەتە سەرزەوى .
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە بەپێى لێکۆڵینەوەکان ئەم کارە بەمەبەستى بەدەستهێنانى هەنگوین ئەنجامدراوە، لەئێستادا لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى ئەوکارە بەردەوامە.