چالاکوانانی ژن: دادگا شوێنی پاراستنی ژنانە نەک شەق تێهەڵدان
دادگا بووەتە جێگای ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ژنان بە جۆرێک ژنان لە کاتی داواکردنی مافەکانیان شەقیان تێهەڵدەدرێت، وەک ڕووداوەکەی دوێنێی دادگا، ئەمەش بووە هۆکار بۆ هاتنە دەنگی ژنانی چالاکوان.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای شاری سلێمانی ژنان دژی ئەو هێرشەی دوێنێی دادگای سلێمانی، کە دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی کوشتنی تاریقی بەقاڵ و ناڕەزایەتی خوشکەکانی تاریق لەسەر بڕیاری دادگا، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خوشکەکانی ئەو کوژراوە، گردبوونەوە.
ژنانی چالاکوان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا هاتووە: ئەو شەقە بۆ هاوڵاتی نییە، بەڵکو شەقهەڵدانە لە ژن و کلتور و نەریت، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانى ژنان، ژنانى ئازادیخواز، کۆمەڵگەى مەدەنى، ڕۆژنامەنوسان، کرێکاران، خاوەنکاران، حزب و لایەنە سیاسییەکان و دانیشتوانى سلێمانى و دەوروبەرى دەکەین، کە خاوەن هەڵوێست بن بەرامبەر بە بێڕێزیکردن بە شکۆى ژنان.
سۆنیا ئەحمەد ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان بەیاننامەی ژنانی کۆمەڵەکەی خوێندەوە و وتی: ئەمە یەکەمجار نییە ئەفسەران و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەناو پارێزەرانی ماف و ئاسایشی ژیانی هاوڵاتیان بچوکترین ئەرکی خۆیان و بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ ڕەچاو ناکەن و وەک دڕندەیەک بەردەبنە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەوەی دوێنێ لە دادگای شاری سلێمانی ڕوویدا بە چەندین شێوە تاوانە و دەبێ ئەنجامدەری ئەم تاوانە دادگا بە توندترین شێوە سزای بدات، وە ڕوودەکەینە وەزیری داد و وەزیری ناوخۆ و ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی خۆیان بە داکۆکیکار لە سەروەری یاسا و مافی هاوڵاتیان دەزانن پێیان دەڵێین ئەمە ئەو ئازادی و ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسایەیە کە هەمیشە باسی لێوە دەکەن.
ژنان پێیان وایە لە دادگا ماف بەدەست دەهێنن بەڵام شەقیان تێهەڵدەدرێت
چرۆ ئەمین، چالاکوان و ئەندامی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، روونیکردەوە کە ژنان دادگاکان بە شوێنی خۆیان دەزانن و پێیان وایە لەوێ مافەکانیان بەدەستدەهێنن، بەڵام وەک دیارە لە دادگاکاندا ڕێگە بە ئەفسەرانی پۆلیس دەدرێت هێرش بکرێتە سەر ژنێکی جەرگ سوتاو، بۆیە ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن و وەک ژنان داوا دەکەن دادگای سلێمانی و دەسەڵات و بەرپرسان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و سزای تاوانباران بدەن.
ڕوناک محەمەد، ئەندامی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە کە ئەو توندوتیژییەی دوێنێ لە دادگا ئەنجامدرا تەنها بۆسەر خێزانی تاریقی بەقاڵ نییە، بەڵکو بۆ تەواوی ژنانە، "دەبێت دادگا شوێنی پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤ بێت، بەڵام دەبینین دادگا بووەتە جێگای ئەنجامدانی تاوان و و دەستدرێژیکردن و توندوتیژی دژ بە ژنان، لەکاتێکدا ئەو ژنانە براکەیان بە ناهەق کوژراوە و مافی خۆیانە کە داوای هەقیان بکەن، پێویستە دادگا ئەوە بزانێت بە سزانەدانی تاوانباری ئەم تاوانە پەڵەیەکی ڕەش بە دادگای سلێمانییەوە دروست دەبێت".