شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: پێویستە سنورێک بۆ وەحشیگەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنرێت
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، خانمی یەكەمی عێراق، دەربارەی تێرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "توركیا تۆمارێكی رەشی مێژوویی هەیە لە داگیركاری و تێرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان و کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی
ناوەندی هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، خانمی یەكەمی عێراق و ئەندامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە لە بارەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە سنورێك بۆ ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته فاشستیه دابنرێت و له‌دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەست پێبکرێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان بۆ جیهان".
ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە؛
له قوڵایی ناخمەوە، دڵگرانم به بیستنی هه‌واڵی تێرۆكردنی هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووسی كورد (جیهان بیلگین) و (نازم داشتان)، كه لە ڕێگای نێوان به‌نداوی تشرین و شارۆچكه‌ی سرینێ، كاتێك سه‌رقاڵی ڕووماڵی میدیایی بوون تێرۆركران.
مخابن، هه‌وڵه داگیركارییه‌كانی سه‌ر ڕۆژئاڤای كوردستان تەنیا بە تیرۆركردنی جه‌سته‌ی هاوڵاتیانی مەدەنی نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه، به‌ڵكو ڕووی چه‌كه‌كانیان ده‌كه‌نە ڕۆژنامه‌نووسان بۆ كپكردنی ده‌نگه ئازاده‌كان و رێگریكردن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكانی ڕۆژئاڤا بە جیهانی دەرەوە، ئه‌وه‌ی كه هێنده‌ی تر نیگه‌رانمان ده‌كات بێده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه به‌رامبه‌ر به‌م كاره قێزەون و تێرۆركردنە كە دژ بە مافی مرۆڤ و ئازادی كاری ڕۆژنامەوانییە، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانن، كه ئەوانەی ڕۆژنامه‌نووسان تیرۆر دەكەن، ده‌بێت هه‌تا ماون له ترس‌دا بژین، چونكه قه‌ڵه‌م و كامێرای ناو ده‌ستی ڕۆڵه‌كانی كۆبانێ، ڕۆژئاڤا و سووریا، له چه‌ك و جبه‌خانه‌كان به‌هزتره و نه تیرۆر و نه کۆمەڵکوژییه‌كانیان ناتوانن ده‌نگه بوێر و ئازاكانی جیهان و ڕۆژئاڤا كپ بكه‌ن.
پاش زیاتر لە دەیەیەك تێكۆشانی پێكهاتەكانی سووریا و سەرهەڵدانی تروسكاییەكی ئومێدبەخش بۆ سەقامگیری وڵاتەكە و گۆڕانكاری سیستەمی حكومڕانی و سیاسیی، بەڵام هاوشێوەی هێرش و داگیركارییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق و بە سەربازگەكردنی بەشێكی وڵاتەكە، توركیا هێرشە چەكدارییەکانی بۆ سەر سووریا دەستپێكردوە و بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایشی وڵاتەكە و رێگرە لە بەردەم پرۆسەی بونیادنانەوەی سووریایەكی نوێ و بەرقەراركردنی ئاشتیی و بەدیهێنانی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی وڵاتەکە.
كوشتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن توركیاوە، كردەوەیەكی نوێ نییە، بەڵكو توركیا تۆمارێكی رەشی مێژوویی هەیە لە داگیركاری و تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان و کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی بەگشتی، هەروەك چۆن ڕۆژانە هێرشی ناڕەوا دەكاتە سەر خاكی سووریا و ڕۆژئاڤا بە تایبەت شارێكی وەكو كۆبانێ، كە لەسەر ئاستی جیهان بە سیمبۆلی خۆڕاگری دادەنرێت لە هەمبەر تێكشكاندنی دڕەندەترین گروپی تێرۆریستی وەكو داعش.
سه‌رباری ئیدانه‌كردن و شه‌رمه‌زاركردنی ئه‌و تاوانە، كە دژ بە ڕۆژنامەنووسان و خەڵكی مەدەنیە، داواكارم له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م ناهه‌قیی و تاوانانە بێده‌نگ نه‌بێت و چیتر رێگه‌نه‌درێت خوێنی ڕۆڵه‌كانی سووریا‌و ڕۆژئاڤا بڕژێت، پێویستە سنورێك بۆ ئه‌م وه‌حشیگه‌رییه و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته فاشستیه دابنرێت و له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەست پێبکرێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان بۆ جیهان.
لێرەوەو بەم بۆنە خەمناكەوە، هاوخه‌می و پرسەی خۆم ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووس و شاری كۆبانێی سیمبۆلی خۆڕاگریی و كوردانی ڕۆژاڤای كۆڵنه‌ده‌ر ده‌كه‌م.