لەسەر مۆنۆمێنتی "پارێزەرانی حەقیقەت" ناوی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا دانران
پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی ‘پارێزەرانی حەقیقەت’، بۆ شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستان و عێراق لادرا و هەریەک لە هێرۆ بەهادین و گوڵیستان تارا لەو ڕۆژنامەنووسانەن کە لە مۆنۆمێنتەکەدا ناویان نووسراوە.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی ‘پارێزەرانی حەقیقەت’، بۆ شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی هەرێمی کوردستان و عێراق لادرا و هەریەک لە هێرۆ بەهادین و گوڵیستان تارا لەو ڕۆژنامەنووسانەن کە لە مۆنۆمێنتەکەدا ناویان نووسراوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، “هیوادارین ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنووسەی کە سێ هەفتە بەر لە ئەمڕۆ لە سەیدسادق شەهید بوون، دوایین ناو بن کە لەم مۆنۆمێنتەدا تۆمار دەکرێن".
جێی ئاماژەیە لە مۆنۆمێنتەکەدا، ناوی شەهیدی قەڵەم و پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز شەهید وەدات حسێن و شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هێرۆ بەهادین و گوڵیستان تارا لە کۆمپاینیای چەتر هەڵواسران و ناو و یادیان زیندوو ڕاگیرا و بەشکۆوە بەبیرهێنرانەوە.
مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت، یادی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکاتەوە، کە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە لە هەرێمی کوردستان و عێراق شەهید بوون، بۆ ڕێزگرتنە لە ئازایەتی و پابەندبوونیان بە گەیاندنی ڕاستییەکان، هەوڵێکە بۆ پاراستنی میراتەکەیان و زیندووهێشتنەوەی ناوەکایان بۆ هەتا هەتایە.