بوومەلەرزەیەک بە زیاتر لە ٧ پلەی ڕێختەر باکووری کوردستانی هەژاند
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٤ پلەی ڕێختەر باکووری کوردستان، تورکیا و سوریای هەژاند و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا، بوومەلەرزەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس.
ناوەندی هەواڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦ی شوبات، بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک بەگوڕی ٧.٤، ٦.٥، ٦.٤ پلەی ڕێختەر زیاتر لە ١٠ شاری باکووری کوردستانی هەژاند و چەندین بینا داڕووخان، ڕاگەیەندراوە، کە نزیکەی ٨٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش برینداربوون.
بوومەلەرزەکە جگە لە دیلۆک و مەڕەش، لە ئامەد، سەمسور، مەڵاتیا، ڕەحا، ئیلح، چەولیگ، ئەلەزیز، کلس، ماردین، سرت، شرناخ، وان، موش، بەدلیس، جولەمێرگ، ئەدەنە، عوسمانیە، هاتای و چەندین شوێنی دیکە هەستی پێکراوە.
خەڵک لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە و داوا لە خەڵک دەکرێت نەچنەوە ناو ماڵەکانیان.
هاوکات بوومەلەرزەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش وێرانکاری بەدوای خۆیدا هێناوە و زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بریندارن.
لە شاری دهۆک و هەولێری باشووری کوردستانیش هەست بە بوومەلەرزەکە کرا و خەڵک بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر شەقام ڕۆژیان کردەوە.