بەهۆی بوومەلەرزەوە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستدا

شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک شاری خووی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەس برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٨ی کانوونی دووەم، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پێوەری ڕیختەر و لە قوڵایی ٧ کیلۆمەتردا شاری خووی هەژاند و بەرپرسانی پارێزگای ورمێ ژمارەی قوربانیان و ماڵە ویرانبووەکانیان ڕاگەیاند.

 

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێرمان، بەلایەنی کەم ١٢ بوومەلەرزەی یەک لە دوای یەک لە شارەکەی داوە و هاوڵاتیانی شاری خووی بەدرێژایی شەو لەسەر شەقامەکان مانەوە و نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان.

 

بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە، سێ كەس گیانیان لەدەستداوە، هاوكات، بە وتەی محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ، ٥٨٠ كەسیش بریندار بوون.

 

مانگی سووری پارێزگای ورمێ خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و چەندین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە شارەکانی تەبرێز و ورمێ بۆ خۆی نێردراون، زیانی لاوەکیش بە نەخۆشخانەیەکی تازە دروستکراو کەوتووە و بەشێکیشی داڕماوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ١٨ی کانوونی دووەم، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٤ پلەی ڕێختەر لە شارەکە ڕوویدا کە نزیکەی ٥٠٠ بینا زیانی پێگەیشتووە و دەیان هاوڵاتیش برینداربوون.