کوێستان داودی تێکۆشەرێکی پێشەنگ کۆچی دواییکرد

کوێستان داودی، ئەندامی کەنەکە و ژنێکی تێکۆشەری کورد، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچیی دواییکرد و دواین پەیامی بۆ شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە دەڵێت: دەزانم دەیبەینەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کوێستان داودی، تێکۆشەری کورد و ئەندامی کەنەکە، بەهۆی شێرپەنجەی مێشکەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.

 

کوێستان داودی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە خێزانێکی تێکۆشەر لەدایکبووە، ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان-ئێران بووە و بەهۆی خەباتی سیاسی و چالاکییەکانییەوە چەندین جار لەلایەن ڕژێمی ئێران دەستگیرکراوە و لە زینداندا ماوەتەوە، بەهۆی بەردەوامی دانی بە خەبات و تێکۆشان ئاوارەی ئەوروپا دەبێت و وەک ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات.

 

لە دواین پۆستیدا، کوێستان داودی، کە بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە نەیتوانی بەشداری چالاکییەکان بۆ پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان ببێت، وەها دەنووسێت:

 

"دەزانم دەیبەینەوە!

بە هۆی باری ناجۆری تەندروستییمەوە بە داخەوە نەمتوانی بە دڵی خۆم لە چالاکییەکاندا بۆ گەیاندنی دەنگی ئازادیخوازان و ژنان شانبەشانی ئێوە لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەشدار بم، ئێستا کە تەمەن ڕووە و ڕۆژانی کۆتایی خۆی دەڕوات، دەمەوێت لێرەوە سەرەخۆشیی لە خانەوادەی گیانبەختکردووان بکەم و دووپاتی بکەمەوە، کە هەموو جۆرێک لە تێکۆشان دژ بە ڕژێمگەلی سەرکوتکار و دیکتاتۆر و داگیرکار زوو یان درەنگ هەر جێی خۆیان دەگرن، لە ئێستادا شۆڕشی ژینا درێژەی ئەو خەبات و تێکۆشانەیە.

 

زۆر گرنگە نەهێڵین دەستکەوتەکان لە بار ببرێن، ماوەیەک لەمەوبەر بەڵێنم بە چەند هاوڕێیەک دابوو کە بە جلی کوردی سوورەوە، سروودێک بۆ ئەو تێکۆشانە بڵێم، بە داخەوە بۆم نەکرا، ئێوە لە سەر ئەو ڕێگایە بەردەوام بن!"