٪٥٠ داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا زیادیکردووە

داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا زیادیکردووە و ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: ئەوانەی وەرناگیرێن دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.

ناوەندی هەواڵ

 

یڵڤا جۆهانسۆن، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل ڕایگەیاند، دەیانەوێت ئەو کەسانە بنێرنەوە بۆ وڵاتەکەیان، کە داوای پەنابەرییان وەرنەگیراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی داواکاری پەنابەری لە ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٪٥٠ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٩٢٠ هەزار، وتی، "ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا توانای پەنابەری پڕ دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستە ڕێوشوێنی نوێ بگرینەبەر، ساڵانە ٣٠٠ هەزار بڕیاری گەڕاندنەوەیان لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆ دەردەچێت، بەڵام تەنها ٧٠ هەزار کەس دەگەڕێنەوە، بۆیە دەبێت ئەم ژمارەیە زیاد بکەین.

 

ئەو ستراتیژەی کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران ئامادەی کردووە دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، کۆبوونەوەکەش ئەمساڵ لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت.

 

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە بەرزترین دامەزراوەی یەکێتی ئەوروپایە، ڕێژەی دیپۆرتکراوی پەنابەران لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢١٪ بووە، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٪٢٩ بووە.