مانگرتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد

وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی مانگرتنی گشتی لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، بەپێی دیمەنە بڵاوکراوەکان، لە شارەکانی پیرانشار، مهاباد، سنە، سەقز و شنۆ مانگرتن بەڕێوەدەچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٩ی ئەیلول، دوای بانگەوازی حزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییە کوردیەکان، مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان دەستیپێکرد.

 

بەپێی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، مانگرتن لە شارەکانی پیرانشار، مهاباد، سنە، سەقز و شنۆ دەستیپێکردووە و هاوڵاتیان بە داخستنی دوکانەکانیان و وەستاندنی جموجوڵی بازاڕ بەردەوامن لە نیشاندانی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە قوربانی سیستمی پیاوسالار و ژنکوژی ڕژێمی ئیسلامییە.

 

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت و دەستپێکردنی ناڕەزایی بەرفراوان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لایەنە سیاسی و مەدەنی و حزبە کوردییەکان بانگەوازییان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری کرد تا ڕێگری لە کوشتن و تاوانەکانی ڕژێم بکرێت.

 

جێی ئاماژەیە، جگە لە ژینا ئەمینی، لە بانگەوازییەکەدا باس لە گیان لەدەستدانی شلێر ڕەسوڵی کراوە، داوا لە سەرجەم توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ کرا کە بەشداری لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدا بکەن و ڕێگری بکەن لە درۆ و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی ڕژێمی ئێران.