پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان درێژ کرایەوە
پرۆسەی دەستبەسەرکردنی ٢٠ ڕۆژنامەنووس و ٢١ کەسی دیکە، کە لە ئامەد دەستبەسەرکران، ٤ ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە.

ئامەد
لە ٨ی حوزەیراندا پۆلیسی تورکیا لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان و چەندین کەلوپەلی ڕۆژنامەوانییان لە دەزگاکاندا دەستبەرداگرت و هەریەک لە هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات، سەردار ئاڵتان، بەڕێوەبەری ژن نیوز، سەفیە ئەلەگاش، سەرنوسەری ژن نیوز، گوڵشەن کۆچۆک، سەرنوسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا عەزیز ئۆروچ و ڕۆژنامەنووس عومەر چەلیک، سوعات دۆگوهان، ڕەمەزان گەجیکەن، بێریڤان کاراتۆراک، ئەسمەر تونچ، نەشە تۆپراک و زەینەل ئەبیدین بولوت، بەکۆی گشتی ٢١ ڕۆژنامەنووس و ٢١ کەسی دیکە دەستبەسەرکران و گوازرانەوە بۆ دادگای ئامەد.
لە دادگای ئامەد بۆ چەند کاتژمێرێک بە کەلەپچەوە هێڵدرانەوە پاشان ڕۆژنامەنووسان هەڵوێستیان نواند و کەلەپچەکانیان لابرا، بڕیاردرا ماوەی دەستبەسەر کردنیان بۆ ٤ ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە.
بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ٤ ڕۆژە دەستگیرکراون، ماوەی ٤ ڕۆژی دیکەیان بۆ درێژکراوەتەوە، بەو واتایەی ٨ ڕۆژ لە دەستبەسەریدا بمێننەوە، بڕیاری نهێنی لەسەر دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە زیندانی تاکەکەسییدان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئامەد بەردەوامە.