سبەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ١١ی حوزەیران ئاشکرا دەکرێن

سبەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاوا لیستی کاندیدانی شارەوانییەکان ڕادەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی داواکاری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕۆژئاوا واتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە ١١ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، لە ٢١ی ئایار کۆتایی هات، لەماوەی ٣ ڕۆژدا دوای کۆتاییهاتنی ماوەی داواکاری، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لیستی حزب و ڕێکخراو و سەربەخۆکانی قبوڵ کرد.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵا بە ئاژانسی هاوار نیوزئانهایان داوە، هەموو داواکارییەکان وەرگیراون و لێکۆڵینەوەی کۆتایی ئەنجامدراوە.

 

بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵا ڕایانگەیاند، سبەی لیستی کاندیدەکان ڕادەگەیەنن.

 

هەڵبژاردن بۆ ١٣٣ شارەوانی بەڕێوەدەچێت

لە کانتۆنی جزیرە، کانتۆنی دێرەزوور، کانتۆنی ڕەققە، کانتۆنی فورات، کانتۆنی مەنبج، کانتۆنی عەفرین-شەهبا و کانتۆنی تەبقا، ٦ شاری گەورە و ٤٠ شار و ١٠٥ شارۆچکە هەیە، جگە لە شارە گەورەکەی عەفرین و شارۆچکەکانی گرێسپی و سەرێکانی کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادان، هەڵبژاردن لە ١٣٣ شارەوانی بەڕێوەدەچێت.

 

٣٠ حزب و هاوپەیمانی بەشدار دەبن

بە گشتی ٣٠ لایەنی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن، بەشێک لەو لایەنانە بە هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، هەروەها هەندێک لایەن بە ناو و لۆگۆی خۆیانەوە و هەندێک کەسیش بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە.

 

"هاوپەیمانی گەل و ژنان بۆ ئازادی" لە ٢٢ پارت و ڕێکخراو پێکهاتووە لەوانە پەیەدە، کۆنگرەی ستار، پارتی سووریای داهاتوو و گروپی ژنانی زەنۆبیا.

 

"هاوپەیمانی پێکەوە بۆ خزمەتێکی باش" لە ٥ لایەن پێکهاتووە.

 

لایەنە بەشداربووەکان بەم شێوەیەن: پارتی هاوپەیمانی دیموکراسی نیشتمانی سووریا، پارتی گەشەپێدانی نیشتمانی و گۆڕانی دیموکراتیک، پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردەکانی سووریا.