نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٥٤٠ هەزار لوبنانی لە سووریا نیشتەجێ بوون
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ٥٤٠ هەزار کەس لە لوبنانەوە چوونەتە سووریا.

ناوەندی هەوال
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لە هێرشە سەختەکان لە دوای ٢٣ی ئەیلوولەوە، سێ هەزار و ٥١٦ کەس گیانیان لەدەستدا، سەدان هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
دۆمینیک هاید، بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوەی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UNHCR" لە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا لێدوانێکی لەسەر ئەو پرسە دا و ڕایگەیاند، لە ماوەی ٧ هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٤٠ هەزار کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان ئاوارەبوون و گەیشتنە سووریا.
شەپۆلی کۆچکردن بەرەو بەیرووتی پایتەخت و باکوور بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ کەس ئاوارەبوون، حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە شوێنەکانیان ئاوارەبوون زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسەو کۆچیان کردووە بۆ سووریا.