کارەساتێکی مرۆیی؛ گەمارۆدان و بۆردوومانێکی بەردەوام لە باکووری غەززە

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی توندی باکووری غەززە و داوا لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەکەن، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بارودۆخێکی کارەساتبار بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی دروستبووە.

غەززە

 

هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ١٨مین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن لە گەمارۆدانی ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ٢٢ی تشرینی یەکەم، تۆپباران و تەقەکردن لە بەیت لاحیا و کەمپی جەبالیە لە باکووری کەرتی غەززە زیادی کرد و بووە هۆی مردنی ١٥ هاوڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن و ژمارەی بریندارەکانیش بەرز بووەتەوە، هاوکات بە تەقەکردنێکی توند لە ماڵی هاوڵاتیان و ناوەندەکانی داڵدەدان کە خێزانە ئاوارەکان نیشتەجێبوون، بۆردوومانەکان بەردەوامی هەیە.

 

فڕۆکە کوادکۆپتەرەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا فڕیون، لەنێویاندا دەوروبەری نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان، لەوێش پەیامی هەڕەشەئامێزیان بۆ دانیشتوان بڵاوکردەوە و داوایان لێدەکەن ماڵەکانیان چۆڵبکەن و بە زۆر بەرەو ناوچەی سەلاح الدین بڕۆن، لەژێر بۆردوومانی قورسدا و تەقەی بەردەوامی تۆپخانەکان دانیشتووانی شارەکە لەبەردەم دوو بژاردەدا ماونەتەوە، یان مانەوە لە ژێر بۆردوومان لە ماڵەکانیاندا، یان مەترسی چوونە دەرەوەیان لە ژێر ئاگری بەردەوامدا.

 

ئیدارەی نەخۆشخانەی ئەندەنوسی لە باکووری کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی تیمەکانی خاچی سوور دەکەن، کە بەدوای گەیاندنی خۆراک و ئاودان بە کارمەندانی پزیشکی و نەخۆشەکان. هەروەها ئیدارەکە ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هێزەکان ڕێگریان لە هاتنە ناوەوەى سوتەمەنی و پێداویستی پزیشکی بۆ ناو نەخۆشخانەکە کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان، بەتایبەت ئەوانەی پشت بە کەرەستە پزیشکییە گرنگەکان دەبەستن.

 

نەخۆشخانەکەی ئەندەنوسی بەدەست کەمییەکی زۆری پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت و دەیان نەخۆش لەناو نەخۆشخانەکەدا باری تەندروستییان ناجێگیرە. سەرەڕای بانگەوازە مرۆییە بەردەوامەکان، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە گەمارۆدان و پێشگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە یان ناوچەکانی دەوروبەری.

 

لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە و ناوچە بۆردوومانەکان، شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردەوە کە دەیان شەهید و بریندار لە شەقامەکاندا هەن، بەبێ ئەوەی ئەگەری چاکبوونەوە یان ڕزگارکردنیان هەبێت، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی تۆپباران و ترسی کردنە ئامانجی تیمەکانی فریاگوزاری یان هاوڵاتیانی مەدەنی هەوڵدەدەن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.

 

دۆخی بەیت لاحیا و کەمپی جەبالیا ڕەنگدانەوەی دۆخی ترس و ئاژاوەگێڕانە، چونکە دانیشتووان ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن یان داوای هاوکاری بکەن، هاوکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوامن لە پەخشکردنی پەیامی هەڕەشەئامێز، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مرۆیی چەندین بانگەوازیان کردووە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان، بەڵام وەڵامدانەوە بۆ بانگەوازییەکان نییە.

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە و لە ژمارەیەکی بێ سنووردا ژمارەی کوژراوەکان بۆ ٤٢ هەزار و ٦٠٣ کوژراو بەرزبووەتەوە، هەروەها ٩٩ هەزار و ٧٩٥ بریندار کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەن، جگە لەوەش هەزاران قوربانی کە هێشتا لە ژێر داروپەردوودان و لەسەر ڕێگاکاندان، هاوکارییان بەدەست نەگەشتووە.