ئێران، پێنج زیندانی سیاسیی سزای نوێیان بەسەردا سەپێندراوە

کەمپەینی ئازادیی بۆ پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند لە بەرامبەر ناڕەزایەتی دەربڕینی ژنانی زیندانی دژی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی  کوردی یارسان، سزای نوێ بەسەر پێنج زیندانی سیاسیدا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

کەمپەینی ئازادیی بۆ پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سەبارەت بە بارودۆخی پێنج ژنە زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئەوین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێنج ژنە زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئەڤین لە دۆسێیەکی هاوبەشدا سزای نوێیان بەسەردا سەپێندرا.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەلایەن دادگای کەیفەری ٢ـی کۆمەڵی دادوەریی قودسی تارانەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولفەزل عامری، پێنج ژنە زیندانییکراوی سیاسیی لە زیندانی ئەڤین لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا سزای نوێیان بەسەردا سەپێنرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مەحبووبە ڕەزایی و نێرگز محەممەدی هەر یەکێکیان ٦ مانگ سزای زیندانیی کردنی دیكە سزا دران بە تۆمەتی “دەرگیربوون لەگەڵ هێزەکان و گوێنەدان بە فەرمانەکانیان”، پەریوش موسلیمیش بە تۆمەتی “تێکدانی ئەمنیی زیندان” بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانیی سزا درا.

 

کەمپەینەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کرانەوەی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ، کە لە بەرامبەر جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی  کوردی یارسان، لەناو زیندانی ئەڤین ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.