زەهرا ڕەزایی سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

زەهرا ڕەزایی بە ١٤ مانگ زیندان و سەرپێچی ماددی سزای بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

زەهرا ڕەزایی، چالاکوانی سیاسی لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە ١٤ مانگ زیندان و سەرپێچی ٣٠ ملیۆن تمەن سزا درا.

 

بە پێی ئەو سزایەی کە لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران دەرچووە و پێوەندە بەو چالاکوانە سیاسییە، بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم"، "سووکایەتیکردن بە خامنەیی"، "دەرکەوتنی لە شەقامەکان بە جلوبەرگی ناشەرعی" و "شێواندنی عەقڵی گشتی" سزای ١٤ مانگ زیندانیکردن و سەرپێچی ٣٠ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئەم سزایە کە دوای ناڕەزایەتی زەهرا ڕەزایی دەرچووە، ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە کراوە بۆ پێداچوونەوە.

 

ئەم هاوڵاتیە تا ساڵی ٢٠١٨ کاری ڕۆژنامەنوسی کردووە و نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا سوپای پاسداران بانگهێشتی کردووە. دوای لێپرسینەوەکە دۆسیەیەکی دادگا لە دژی تۆمارکرا و بە کەفالەتی یەک ملیار و ٩٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، تا کۆتایی دانیشتنەکە.