بەرەی ژنانی باشوور: ڕۆژانە کورد بە دەستی تورک کۆمەڵکوژ دەکرێت

لە دژی بۆردوومانەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ڕێگای خەلەکان- کانی وەتمان کە تێیدا باوکێک و دوو کوڕی گیانیان بەختکرد، بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕایگەیاند، ئامانجیان لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٤ی ئەیلول دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنیی لەسەر ڕێگای خەلەکان-کانی وەتمان و بە دیارییکراوی لە نزیکی شارەدێی خەلەکانی سەربە شارۆچکەی دوکان لە پارێزگای سلێمانی کرد، لە ئەنجامدا باوکێک و دوو منداڵی گیانیان بەختکرد.

 

لە دژی ئەم هێرشە بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر کوردستان و بەتایبەتیش باشووری کوردستان، چ بە هێرشی ئاسمانی چ بە داگیرکاری و سووتاندنی گوند و ڕەز و باخی کوردان، هەروەها بەکارهێنانی چەندین جۆر چەکی قەدەغەکراو لەسەر ئەم خاکە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هەوڵ  دەدات، کە هەبوونی خۆی لەسەر لەناوبردن و کۆمەڵکوژکردنی نەتەوەی کورد جێبەجێ بکات، بۆیە دەبینین کە ڕۆژانە کورد بە دەستی تورک دەکوژرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێت هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە ئیستەنبوول گەنجێک تەنها لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە لەلایەن نەژاد پەرستانی تورکەوە شەهید کرا.

 

" لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی لە باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج"

ئاماژە بەوەشکراوە، چەند ڕۆژ پێشتر لە کوێستانەکانی بەرواری باڵا هاوڵاتییەکی گەنجی دانیشتووی گوندەکان، بوو بە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و شەهید بوو، هەروەها لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەتاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی لە باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج و شەهید بوون، بۆ کۆتا جار ئەمڕۆ چەند ئەندامی خێزانێک کە پێکهاتبوو لە باوک و دوو کوڕی کە پیشەیان جوتیار بوو لە ناوچەی خەلەکان بوونە ئامانجی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست و کۆمەڵکوژ کران، ئێمە لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین، ئێمە دەمانەوێت هۆشیاری بدەینە گەلەکەمان کە ئەم بۆردوومان و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ خۆمان، کە چەندین ساڵە لە ئاستی تاوان و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و بەتایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورک بێ دەنگین.

 

"بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی هاوبەشی ئەم داگیرکارییانەن"

لە ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی ژناندا هاتووە: دوێنێ چەند ڕۆژنامەنووس بوونە ئامانجی فرۆکەکانی تورک، ئەمڕۆ ئەم خێزانە بوونە ئامانج دیار نییە سبەی کێ دەبێتە ئامانج! هەروەها دەوڵەتی ئێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی هاوبەشی ئەم داگیرکارییانەن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوو ئامانجی سەرەکی هەیە لە ئەنجامدانی ئەم هێرش و بۆردوومانانەی؛ یەکەمیان بۆ لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردە و ئەوان بەلایانەوە گرنگ نییە چ حزب و لایەنێکە تەنها گرنگ ئەوەیە کورد بێت و بکوژرێت، ئامانجی دووەمیان بۆ ترساندن و لە ناوبردنی ئیرادەی گەلی کوردە، لێرەوە داواکارین چیتر گەلەکەمان لە ئاستی ئەم هێرش و داگیرکاری و کۆمەڵکوژییانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی جدی بنوێنن و فشار لەسەر دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بکەن چیتر ئەم تاوان و داگیرکاریانە بە پاساوی بێبنەما قبووڵ نەکەن.