عێراق ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کردووە کە ٣٢٧یان ژنن

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاماریی بەشی ڕووداوە سێکسییەکانی بەشی پزیشکی دادوەری عیراق، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، کە ٣٢٧ حاڵەتیان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە.

سلێمانی

 

بە پێی داتا و زانیارییەکان ڕۆژانە توندوتیژی و دەستدرێژی لە عێراقدا ڕوو لە زیادبوونە، ژنانیش بەرکەوتەی یەکەمن و ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی و ململانێکانی شەڕی عەشایەری، توندوتیژی خێزانی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پەرەپێدان و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبنەوە.

 

سەرەڕای بوونی یاساکانی پاراستنی خێزان و تاک، بەڵام ئامارەکان ئاماژە بە کارەساتی گەورە دەکەن، کە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان دروستدەکات، وەک ئەوەی لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی بەشی ڕووداوە سێکسییەکانی بەشی پزیشکی دادوەری عیراقدا هاتووە، کە لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە، کە ٣٢٧ حاڵەتیان ڕووبەڕووی ژنان بووەتەوە.

 

ئەم ژمارەیەش لە بەشی ڕووداوە سێکسییەکان مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی دەستدرێژی سێکسی دەکات، وەک دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی دژی منداڵان و گەورەساڵان، ژنان و پیاوان لە هەموو تەمەنێکدا، هاوکات بە پێی مادددەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقیدا سزای "زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانیکردنی کاتی" بۆ هەر کەسێک دیاری کراوە کە "جووتبوون لەگەڵ مێینەکە بەبێ ڕەزامەندی ئەو ئەنجام بدات، تاوانەکە بە قورس دادەنرێت ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت، یان ئەگەر تاوانبار خزمی قوربانییەکە یان پەروەردەی دەکات یان هەرکەسێک بێت دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت، یان ئەگەر کارمەندی حکومەت بێت، پیاوی ئایینی بێت، یان پزیشک بێت، یان ئەگەر کردەوەکە بەکۆمەڵ بووبێت بە بەشداری زیاتر لە کەسێک دەستدرێژکار، یان ئەگەر قوربانییەکە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکەدا تووشی نەخۆشییەکی سێکسی بووبێت".

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە عێراق سەریهەڵداوە، کە هەندێکیان هی کچان بوون کە تەمەنیان لە دە ساڵ زیاتر نەبووە و ئەو تاوانانەش بوونەتە بابەتی ڕای گشتی لەو کاتەدا، بەتایبەتی کە هەندێکیان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو کچەی دەستدرێژی کراوەتە سەری.

 

جێی ئاماژەیە، سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، کە لەلایەن شیعەکانەوە پێشنیار کراوە، مەترسییەکانی زیادبوونی دەستدرێژی و توندوتیژی بۆ سەر منداڵان زیاد دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش یاسای سزادانی عێراقیش ناتوانێت دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەسەر تاوانباردا بسەپێنێت، چونکە تاوانبار خۆی لەناو حوکمەکانی مەزهەبەکاندا حەشار دەدات و تاوانەکەشی پەردەپۆش دەکرێت.