لە تل تەمر دروێنەی گەنم و جۆ بەردەوامە

جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی تل تەمر و ئەندامی بەشی کشتوکاڵ و ئاودێری تل تەمر وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆیان هەڵسەنگاند و وتی: سووتاندنی کێڵگەکان هەوڵێکە بۆ تەواوکردنی گەمارۆی ئابووریی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- بەمەبەستی پاراستنی 'زێڕی زەرد'، باری نائاسایی لە ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا و لیژنەی پاراستنی کێڵگەکان دامەزران، بەگوێرەی ئاماری ئاگرکوژێنەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرە لە ٢ی حوزەیران ڕایگەیاندووە، بەم شێوەیەیە: هەزارو ٤٩٥ دۆنم گەنمی ئاو، دوو هەزارو ٣٢٤ دۆنم گەنم، ١٤٢ دۆنم جۆی ئاو، ١٠ هەزارو ٣٢٦ دۆنم گەنمەشامی، کۆی گشتی ٤٩ هەزارو ٩٣٦ دۆنم زەوی سووتێندرا، جگە لەوەش ٨٤ دۆنم زەوی ساوەرو ٤٠ دۆنم کێڵگەی برنج سووتاوە، لە هەمان کاتدا ٦٠٢ دۆنم گەنم و ١٧٦ دۆنم گەنمەشامی سووتاوە.

 

سەبارەت بە بەڕێوەبردنی وەرزی گەنم و جۆو ئەو ڕێوشوێنانەی تا ئێستا گیراونەتەبەر، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و ئەوەی پێشکەش بە جووتیاران دەکرێت، مادلین عوبێد، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی تل تەمرو ئەمیرە محەمەد، ئەندامی کشتوکاڵ و ئاودێری تل تەمر، لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی بۆ کردین.

 

"یەکگرتنی کۆمەڵایەتی هۆکار بوو بۆ ڕێگریکردن لە سووتانی زۆرێک لە کێڵگەکان"

لە سەرەتای قسەکانیدا، مادلین عوبید ئاماژەی بەوەدا کە گیانی یەکڕیزی نێوان لیژنەی پاراستنی کێڵگەکان و جووتیاران و کۆمەڵگە لە پاراستنی کێڵگەی گەنم و جۆدا خۆی دەرخستووەو وتی: دوای پێکهێنانی لیژنەی پاراستنی زەوی، زۆرێک لە ئاو و ئاگرکوژێنەوە جیاکرانەوە و تەرخانکران بۆ تیمەکانی پاراستن کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی HPC و HPC-JIN. لە هەمان کاتدا ئەمبولانسەکانی مانگی سووری کوردی ئامادەکرابوون، چونکە لە ماوەی ئاگرکەوتنەوە، خنکاندنێکی زۆر ڕوویدا بەهۆی دوکەڵەکەوە، ئێمە هەموو ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدا بوون بەکارهێنا بۆ پاراستنی کێڵگەکان، بەڵام بە هاوکاری خەڵک و جووتیاران، دەمانتوانی ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوەی زۆر بکەین.

 

"تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی ئاویش زیانیان بەرکەوتووە"

مادلین عوبێد باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەکان زیان بە تۆڕی کارەبا و هێڵەکانی ئاو گەیشتووەو وتی: ئەو ئاگرە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ستوونی کارەبا و تۆڕ و هێڵی ئاوەکانیان بسووتێن و زۆرێک لە گوندەکان بێ کارەبا ماونەتەوە، بەهۆی کوژاندنەوەی ئاگر، بارودۆخی خنکان و نائارامی دروست بوو بەڵام لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە چارەسەر کرانم با لەبیرمان نەچێت کە زیاتر لە ساڵێکە ئاو لە وێستگەی ئێلۆکەوە بۆ تل تەمر و حەسەکە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە پچڕاوە و ئەمەش وایکردووە دابینکردنی ئاو زەحمەت بێت.

 

"بە سووتاندنی کێڵگەکان، ئامانجی زۆر هەیە وەک کۆچ و گەمارۆی ئابووری"

لە کۆتایی قسەکانیدا، مادلین عوبێد ئاماژەی بەوەدا، پێویستە پێکهاتە و هەموو لایەک بەردەوام بن بۆ پاراستنی کێڵگەکان و ڕێگریکردن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی داگیرکەری تورکیا و وتی: دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات گەمارۆیەکی ئابووری لێرە دروست بکات، فشار بخەنە سەر کۆمەڵگە بە تایبەتی لێرە، لە تل تەمر، جگە لە قەیرانی ئاو بەهۆی بڕینی وێستگەی ئیلۆک، بە سووتاندنی کێڵگەکان دەیانەوێت گەل ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بکەنەوە، کۆچکردن لە وڵات و چۆڵکردنی گوندەکان لەسەر هێڵی بەرکەوتن هەمیشە کاغەزێک بەکاردەهێنن دژی بەرخۆدانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام بەرخۆدانی گەل و جووتیارەکان و ئەم پەیامەی بە داگیرکەران دا کە ئەوان لێرەن و لەسەر ئەم زەوییە دەژین بۆیە لیژنەکە شەو و ڕۆژ پاسەوانی کێڵگەکان دەکات تا کۆتایی وەرزەکە بەردەوام دەبێت.

 

چی پێشکەش بە جووتیاران کرا و چەند زەوی سووتێندرا؟

ئەمیرە محەمەد بەبیری هێنایەوە کە چەندە و بە چ شێوەیەک هاوکاری جووتیارانیان کردووە لە بواری کشتوکاڵدا و وتی: بۆ ٥٤ هەزار و ٥٤١ دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم، یەک ملیۆن و ٣٤٧ هەزار و ٣١٤ لیتر سووتەمەنی دابەشکرا، بۆ جۆ سووتەمەنیمان دابەشنەکرد، ٧٨ دەڕاسە بۆ کۆکردنەوەی گەنم دابینکرا، ئێستا کیسی گەنم بەسەر جووتیاراندا دابەشدەکرێت، بەڵام بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە نزیکەی ٣٥ دۆنم گەنمی تەڕ و ١٠٠ دۆنم جۆو 92 دۆنم گەنمی هەڵگیراو سووتان، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە زۆرن، هەندێکیان دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانین، هەندێکیش بەهۆی شۆرتی کارەباوە و پریشکی بزوێنەری ئامێرەکانە.

 

"پێویستە جووتیاران زیاتر وریا بن لە ئاگرکەوتنەوە"

ئەمیرە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، تازە وەرزی دروێنەکردنی گەنم لە شاری تل تەمر دەستیپێکردووە، ماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژە وەرزی دروێنەکردنی گەنم دەستیپێکردووە، بەپێی ئەوەی پیشان دەدرێت، سەرجەم کێڵگەکان لە ماوەی مانگێکدا دروێنە دەکرێن، ئێستا ١٠%ی کێڵگەکان کۆکراونەتەوە، بەڵام هەم چاومان و هەم چاوی جووتیاران لەسەر ڕێگای دروێنەیەکی باشن، بۆیە دەبێت جووتیاران کێڵگەکانیان بپارێزن.