ژنێکی ٥٠ ساڵ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ژنێکی ٥٠ ساڵ کە دایکی چوار منداڵە، لە گوندی زورکانی پشدەر بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان، ئەگەرچی هەواڵەکانیشیان بە ئاشکرا بڵاو نەکرێتەوە، ڕوو لە زیادبوونە، بە پێی ئامارەکانی کە نوژنها کۆی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن و لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٨٠ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، کە هۆکارەکەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری پیاوانە بەرامبەر بە ژنان و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسیش پاڵنەرەکانیەتی.

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی فاتم ڕەسو، دایکی چوار منداڵ، لە گوندی زورکانی شارەدێی سەنگەسەر لە شارۆچکەی پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، گەیەندرایە نەخۆشخانەی ڕانیە، کە بە گولـلەی دەمانچە گیانی لەدەستداوە.

 

گیان لەدەستدانی فاتم ڕەسو گوماناوییە و بە وتەی کەسوکارەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر هاوژینەکەی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەستداوە، ئێوارەی دوێنێش تەرمی خۆشی گەیەندرایە نەخۆشخانەی ڕانیە. بە وتەی کەسوکارەکەی فاتم ڕەسو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و هۆکارەکەشی مردنی هاوسەرەکەی بووە.

 

بە پێی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی فاتم رەسووە، بە گولـلەی دەمانچە گیانی لەدەستداوە، دوای ڕادەست کردنەوەی تەرمەکەی لە گوندی زورکان بە خاک سپێردرا.