ژنان: پێویستە دەستبەجێ دلۆڤان ئەکرەم ئازاد بکرێت

ژنانی چالاکوانی شاری سلێمانی و ئەندامانی ڕژاک ڕایانگەیاند، "دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم هیچ پاساوێکی نییە، هێشتنەوەی لە زینداندا پێشلکردنی مافی ژنە لە باشووری کوردستان وعێراق و دەبێت بکوژانی ژنانی تێکۆشەر دەستگیر بکرێن".

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ژنانی چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایانگەیاند کە ٢٦ ڕۆژە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕژاک لە شاری کەرکوک دەستگیر کراوە و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.

 

سارا ڕەزا، ئەندامی ڕژاک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بە ناوی ڕژاک و ژنانی چالاکوانەوە وتی: وەک ژنانی ئازادیخواز داوای لێکۆڵینەوەمان کرد کە تاوانباری تیرۆرکردنی ژنانی تێکۆشەر و تیرۆریستانی کردەوەی تیرۆرکردنی فریال سلێمان خالید دەستگیر بکرێن و ئاشکرا بکرێت، بەڵام سەرۆکی ڕێکخراوی ڕژاک لە شاری کەرکوک بێ هیچ پاساوێکی یاسایی دەستگیر کراوە.

 

سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو، کە دەیانەوێت مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاردا دان بە تاوانێکدا بنێت کە نەکراوە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئامانجیانە دۆسیەکە بەلاڕێدا ببەن، بۆیە داواکارین لە ئێستادا کە دۆخی ژنانی باشووری کوردستان لە بارێکی دژوار دایە، هەرچی زووە مامۆستا دلۆڤان ئەکرەم ئازاد بکرێت.

 

ڕووناک مەجید، ئەندامی ڕژاک لەو بارەیەوە وتی: دەستگیرکردنی دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە کەرکوک شەرمەزار دەکەین و هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی تیرۆرکردنی ژنە تێکۆشەر زەلال (فریال سلێمان ئەحمەد)وە نییە، هێشتنەوەی لە زینداندا پێشێلکردنی مافی ژنە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پێویستە لەجێگەی ئەو بکوژان دەستگیر بکرێن و بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.

 

جێی ئاماژەیە، ماوەی ٢٦ ڕۆژە دلۆڤان ئەکرەم، سەرۆکی ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری کەرکوک، دوای تیرۆرکردنی سیاسەتمەدار فریال سلێمان خالید دەستگیر کراوە.