هێرشەکانی سەر غەززە بەردەوامە و ٧٠٪ی دانیشتووانەکەی بە ناچاری ئاوارە بوون

بۆ ٣٢هەمین ڕۆژی لەسەر یەک، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و کارەساتێکی مرۆیی بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکی کەم و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڕوودەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی گیان لەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، بۆردوومانە ئاسمانی و دەریاییەکان لە دووەم مانگیدا بەردەوامەو هیچ چارەسەرێک لەبەردەمدا نییە بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییانە.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە ڕۆژی سێشەممە ٧ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند ٧٠٪ی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە ٢.٣ ملیۆن کەسن بەهۆی بۆردوومان و هێرشی بەردەوامەوە لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکراوە، نزیکەی ٢٪ی دانیشتووانی کەرتی غەززە زیانبەرکەوتووی ڕاستەوخۆی هێرشە بەردەوامەکانن گیان لەدەست دەدەن یان برینداردەبن، هەروەها بەپێی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لە هەر خولەکێکدا کەسێک بریندار دەبێت و ١٥ کەسیش لە کاتژمێرێکدا گیان لەدەستدەدەن، تێکڕای ژمارەی گیان لەدەستدانی منداڵان لە کاتژمێرێکدا ٦ کەسە و ژنانیش ٥ کەسن.

 

نەخۆشخانەو خوێندنگەو ناوەندە خزمەتگوزارییەکان زیانیان بەرکەوتووە

هەروەها نیوەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە و ٦٢٪ی  ناوەندەکانی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی کاریگەر ڕاگیراون و خزمەتگوزارییان نەماوە و زیاتر لە ٥٠٪ی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەهۆی بۆردوومانی ڕاستەوخۆوە زیانیان بەرکەوتووە، ١٠٪یان بەتەواوی وێران بوون و شوێنی نیشتەجێبوونیان تێدا نییە.

 

٣٣٪ی خوێندنگەکانی کەرتی غەززە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، نزیکەی ٩٪یان لە خزمەتگوزاریدا نەماون و ١٤٪ مزگەوتەکانی غەززە زیانیان بەرکەوتووە و ٥٪یان بە تەواوی وێران بوون.

 

سەرچاوە پزیشکیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا کۆگای نەخۆشخانەی ئۆرشەلیم تەواو دەبێت، بەم شێوەیە هەندێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەکە لە خزمەتگوزاری دووردەکەونەوە.

 

مانگی سووری فەڵەستینی داوای لە ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە یارمەتی و پێداویستییە سەرەکییەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی لە کارەساتی مرۆیی ڕزگاریان بێت، ڕێکخەری مانگی سووری فەڵەستینی وتی: بارودۆخی غەززە بووەتە کارەساتبار بەهۆی کەمی پێداویستییە پزیشکی و خۆراکییەکانەوە کە نەخۆشخانەکان خزمەتگوزارییان نەماوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن بەهۆی ئەوەی دەکرێنە ئامانج لەکار دەکەون، قەیرانێکی گەورە هەیە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی سەلامەت بۆ خەڵکی کەرتی غەززە.

 

گیان لەدەستدان لە زیادبووندایە

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی گیان لەدەستدان لە سەرەتای هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس و ٢٥ هەزار کەسیش برینداربوون کە ٧٠٪یان ژن و بەتەمەنن و لە کەناری ڕۆژئاواش ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتە ١٦٠ کەس و دوو هەزارو ٢٥٠ کەسیش برینداربوون.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند پێویستی بە دەستگەیشتنی دەستبەجێ هەیە بۆ غەززە بۆ یارمەتی و پێداویستییە پزیشکیەکان، هۆشداریشی دا لە قەیرانێکی مرۆیی درێژخایەن لە ناوچەکە.