ئاسیا عەبدولمەجید، ئەکتەری بەناوبانگ لە پێکدادانەکانی سودان گیانی لەدەستدا

پێکدادان و گرژییەکانی سودان بەردەوامی هەیە و گیان لەدەستدانی ئاسیا عەبدولمەجید، ئەکتەری بەناوبانگ کە لە باکووری خەرتوم کوژرا، دانیشتوانی پایتەختی سودانی تووشی شۆک کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاسیا عەبدولمەجید کە ساڵی ڕابردوو تەمەنی بوو بە ٨٠ ساڵ، بە نمایشە شانۆییەکانی بەناوبانگ بوو، یەکەم جار لە بەرهەمهێنانی شانۆیی "پامسیکا" لە ساڵی ١٩٦٥ ناوبانگی دەرکرد، لە شانۆی نەتەوەیی لە ئۆمدورمان بۆ یادی یەکەمین شۆڕشی سودان لە دژی سەرکردەیەکی کودەتا کرایەوە، ئەو بە پێشەنگێکی سەر شانۆ دانرا و یەکەم ژنە ئەکتەری پیشەگەری وڵاتەکە بوو، دواتر خانەنشین بوو بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا.

 

خێزانەکەی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئاسیا چەند کاتژمێرێک دوای کوشتنی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە باخچەی ساوایان نێژراوە کە بەم دواییانە کاری تێدا دەکرد، زۆر مەترسیدار بووە بیگوازنەوە بۆ گۆڕستانێک.

 

هێشتا ڕوون نییە کێ تەقەی کردووە و کوشتوویەتی، بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) کە لە بنکەکانیان لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی سەرانسەری شارەکەدان، بەردەوامن لە تەقە و شەڕکردن دژی سوپا کە لە ئاسمانەوە هێرش دەکات.

 

ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی سودان زیاتر خراپ دەبێت، زۆربەی دانیشتوانی خەرتوم هەست بەوە دەکەن کە وازیان لێدەهێنرێت و پێدەچێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەتوانێت کاریگەری خۆی بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی ژەنەڕاڵەکان بگەیەنێتە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنیدا.