"پچڕانی ئینتەرنێت لە سیستان و بەلوچستان پەردەپۆشکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤە"

دوابەدوای بەردەوامی پچڕانی ئینتەرنێت لە سیستان و بەلوچستان، چەندین ڕێکخراو و چالاکانی مافی مرۆڤ بەیاننامەیان بڵاوکردەوە و داوایان لە یەکێتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد، فشار بخاتە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی پچڕانی ئینتەرنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چەند مانگی ڕابردوو، کە ڕۆژانی هەینی لە سیستان و بەلوچستان بەردەوامە، پچڕان و پەکخستنی ئینتەرنێتیش چڕتر بووەتەوە، لەم پێوەندییەدا ٢٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و چوار چالاکوانی مافی مرۆڤ، لەوانە حال‌وش، پێنی ئەمریکا، یەکێتی بۆ ئێران، فەریبە بەلووچ و شیرین عەبادی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی "keep it on" بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی پچڕانی ئینتەرنێت لە سیستان و بەلوچستان، ئەو جۆرە کارەیان بە پەردەپۆشکردنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەلوچستان بەناوکرد.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، زیاتر لە سێ مانگە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بەتایبەت شاری زاهیدان هەموو هەینییەک لە هەمان کاتدا لەگەڵ نوێژ و خۆپیشاندان، دوای ئەوە ڕووبەڕووی پچڕانی ئینتەرنێت دەبنەوە، ئەم پەککەوتنە بەردەوامە بووەتە هۆی بەرەنگاری بۆ خەڵکی ناوچەکە، لەوانە ئەوانەی کە زۆر پشت بە پەیوەندی ئۆنلاین دەبەستن بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانەیان.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لە هەینی خوێناوی زاهیدان کراوە کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، چونکە دەوڵەتی ئێران بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان پەنای بردووەتەبەر ڕێوشوێنی توند بۆ سەرکوتکردن، لەناویاندا، هۆکاری توندی پەکخستنی داتاکانی مۆبایل لە پارێزگاکەدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ناڕەزایەتییان تێدا بەڕێوەدەچێت.

 

ئەم ڕێکخراوانە و چالاکانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەکەیاندا داوایان لە یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان کردووە، کە ئێران ئەندامیەتی، گوشار بخەنە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی پچڕان و پەککەوتنەکانی ئینتەرنێت.