سودان، بەردەوامی شەڕ سەرەڕای ئاگربەست و وەستانی کەرتی تەندروستی

سەرەڕای بوونی ئاگربەستێکی ڕێککەوتن لەگەڵ نێوەندگیری نێودەوڵەتی و ناوچەیی بەمەبەستی دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا و ئاگربەست، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سودان هێشتا بەسەر خەرتومی پایتەختدا دەسوڕێنەوە،

مەیسا ئەلقادی

 

خەرتوم- لە خەرتومی پایتەخت، دەنگی گوللە و تەقەی چەکی قورس و سووک لە دەوروبەری کۆشکی کۆماری بیسترا و چەند ناوچەیەکیش شاهیدی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ بوون کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، دیارترینیان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیل، ناوچەیەکی فراوانی باشووری خەرتوم و ناوچەکانی باشووری ئۆمدورمان، گەڕەکی کفووری و شەمبات لە باکووری شاری خەرتوم بوون.

 

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان ڕایگەیاند، هەردوو لایەنی ململانێکان ڕێککەوتوون لەسەر ناردنی نوێنەر بۆ ئەنجامدانی دانوستان کە ڕەنگە لە سعودیە ئەنجام بدرێت، هەروەها بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو، دانوستانەکان لە سەرەتادا لەسەر ئاگربەست دەبێت کە سەرپەرشتی دەکرێت لەلایەن چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، یەکێک لە ئەگەرەکان بریتییە لە دامەزراندنی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست کە چاودێرانی سودان و بیانی لەخۆبگرێت.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان دا لە کارەساتێکی مرۆیی لە سودان بەهۆی بەردەوامی شەڕ و کوژراو و بریندارەکان و پەکخستنی نەخۆشخانەکا، لە ڕاپۆرتێکدا وەزارەتەکە داڕمانی تەواوەتی سیستەمی تەندروستی لە شاری جەنینەی ڕۆژئاوای سودانی پشتڕاستکردەوە، هەروەها سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکان کارکردنیان وەستاند، سەندیکاکە بانگەوازی لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستوەردان بکەن بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیان.

 

سەندیکاکە ڕوونیشیکردەوە، ژمارەی قوربانیان بۆ ٤٣٦ کەس زیادیکردووە، تەنها لەناو هاوڵاتیانی مەدەنیدا، هەروەها ژمارەی بریندارانیش لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا دوو هەزاری تێپەڕاندووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی نەتوانینی گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکان بەهۆی سەختی جووڵە و ئەمنییەوە، بریندار و گیانلەدەستدانی تۆمارنەکراو زۆرترن.

 

سەندیکای پزیشکان گەیشتنی یەکەم باری هاوکاری مرۆیی ڕاگەیاند لەدوای دەستپێکردنی شەڕەوە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچەوە لەڕێگەی شاری پۆرت سودانی ڕۆژهەڵاتەوە، کە لە ئوردنەوە دێت، بارەکە ٨ تەن لە پێداویستی پزیشکی پێکدێت بۆ پشتگیریکردنی نەخۆشخانەکان و پشتگیریکردنی خۆبەخشانی مانگی سووری سودان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بارەکە کەرەستەی پۆشینی جلوبەرگ و کەرەستەی تری نەشتەرگەری تێدایە، بەڵام تیمەکانی خاچی سوور پێویستیان بە گەرەنتییە لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە بۆ گواستنەوەی سەلامەتی خۆیان و پێداویستییەکان بۆ ناوچەی شەڕ لە خەرتوم و شارەکانی دیکە، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەگەر گەرەنتییان پێبدرێت لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور فڕۆکەیەکی دیکە دەنێرێت کە کەرەستەی پزیشکی زیادە و کارمەندانی فریاگوزاری لەخۆدەگرێت.

 

جێی ئاماژەیە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوایین گەشتی چۆڵکردن بۆ هاووڵاتیانی بەریتانیا ئەنجامدرا و بەمەش ئەرکی چۆڵکردنی ئاسمانیی بەریتانیا لە سودان کۆتایی هات، بەڵام گەشتەکانی دیکە بۆ چۆڵکردنی بیانییەکانی دیکە هێشتا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی هەرێمی سەربازی وادی سەیدنە، لە ڕێگەی وشکانی و دەریاییەوە لە بەندەری سودان بەردەوامە.