شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: کارەکانی تورکیا ئەو وڵاتە دەخاتە قاڵبی تیرۆرەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەڵوێستی خۆی دژی بۆردومانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی خستەڕوو، ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا بە فرۆکەکانی خاکی پیرۆزی کوردستان بۆردومان دەکات و بەمەش تورکیا دەخاتە قاڵبی تیرۆرەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە و خانمی یەکەمی عێراق، هەڵوێستی خۆی دژی بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی خستەڕوو، ڕایگەیاند، ئەم کردەوەیە ئیدانە دەکەین، دەوڵەتی تورکیا فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی دەنێرێت و خاکی پیرۆزی کوردستان بۆردومان دەکات، تورکیا دەبێت کێشەکانی لە ناوخۆی خۆیدا چارەسەر بکات و ئەم کارانەی دەیکات، خودی تورکیا دەخاتە قاڵبی تیرۆرەوە، ئەوانن تیرۆر ئەنجام دەدەن لەناو سلێمانیدا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم کرد، کە سلێمانی تۆمەتبار دەکات بە کاری نایاسایی (مەبەست لێی هاوکاریکردنی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە) دەڵێت: ئێرە یەک هەرێمە، کە ڕووخا بەسەر سەری هەموو حزبەکاندا دەڕووخێت، بۆیە پێویست بە وەڵام و وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندن ناکات، بەڵکو پێویستە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەبێت، مادام تورکیا ڕێگری لە هاتنی فرۆکە بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی دەکات، دەبوو هەولێر و هەرێمیش ڕێگری بکەن فرۆکەی تورکی لەو شارەش داببەزن، ئێرە یەک هەرێمە و بانێک و دوو هەوا نییە، بۆیە ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت و دەبێت چارەسەر بدۆزرێتەوە، بەیاننامەکەی وتەبێژیش، هیچ ڕەنگێکی حکومی پێوە دیار نییە.

 

خانمی یەکەمی عێراق ئاشکرای کرد، کە لە بەغدا سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەن کە لەبری بەکارهێنانی ئاسمانی تورکیا بۆ هاتووچۆ، ئاسمانی وڵاتانی دیکە بەکاربێت، دەربارەی تۆمەتبارکردنی یەنەکە لە هاوکاری بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی: ئێمە کوردین، ئەگەر دابەشبووین بەسەر چەند وڵاتێكدا بەڵام ناتوانین پشت بکەینە یەکتری، ئێمە زمان و خاک و خۆمان یەکین، کاتێک تووشی کێشەیەک بووین، ئەوان دەرگایان بۆمان کراوە بووە، ناکرێت لە ئێستادا ئێمە پشت بکەینە ئەوان.