تورکیا ئامارە ڕاستەکان ناخاتەڕوو مردنیش زیاد دەبێت

دەوڵەتی تورکیا ئامارە ڕاستەکان ناخاتەڕوو، تا ئێستا ١٥٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و ڕێگری بۆ تیمە ڕزگارکارەکانی وڵاتانی دیکەش دەگیرێت بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی گیریان خواردووە، بەمەش مردنەکان زیاتر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

٦ی شوبات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٦ و ٧.٨ باکووری کوردستان، تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای ڕووبەڕووی کارەسات کردەوە، ٩ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕی و بەپێی ئامارەكانی دەوڵەتی توركیا تا ئێستا ٨٠ هەزار كەس ڕزگاركراون و بەوتەی پسپۆڕانی جیلۆجی لە توركیا، زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا ماونەتەوە.

 

بەپێ دواین ئامار، کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە لە باکووری کوردستان و ناوچەکانى دیکەى تورکیا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٣١ هەزار و ٦٤٣ کەس، هاوکات ١٤٧ هەزار و ٩٣٤ کەس بریندار بوون.

 

لەکاتێکدا دەوترێت کە ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن کە لە ئافاد و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە شاردنەوەی ژمارە ڕاستییەکان دەیەوێت ڕایگشتی بەلاڕێدا ببات و ئاستەنگی بۆ تیمەکانی ڕزگارکردنی وڵاتان دروستدەکات و ڕێگری لە ناردنی هاوکارییەکان دەکات بۆ زیانلێکەوتووان، ئەم دۆخەش بارودۆخی ئەوانەی قورسکردووە کە لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و بە هاناوەنەچوون، برسێتی و سەرما ژیانیان لێدەسەنێتەوە.