گەلی دیلۆک خۆیان برینەکانیان چارەسەر دەکەن

لە دیلۆک، کە ناوەندێکی دیکەی بومەلەرزەیە، هاوڵاتیان خۆیان برینەکانیان چارەسەر دەکەن و خەڵک پەناگەی نایلۆن لە پارکەکان دروست دەکەن و لە سەرما خۆیان دەپارێزن.

مەدینە مامەدئۆغڵۆ

 

دیلۆک- لە دیلۆک، کە ناوەندێکی تری بومەلەرزەیە، خەڵکەکە بە تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە بەجێهێڵدراون، لەو شارەدا کە چوار ڕۆژ بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، هیچ هاوکارییەک نەکراوە، خەڵک لەسەر شەقامەکانن لە گەڕەکەکانی ئیسڵاحییە و نورداغ، کە کارەساتی گەورە دروستبوو، هەمووان لەسەر شەقامەکانن و خەڵکی ئەو شارە لە کەشوهەوای -٤ پلەوە لە شەقامەکاندا دەمێننەوە و بە سوتاندنی پاشماوەی ماڵەکان خۆیان گەرمدەکەنەوە.

 

بە نایلۆن پەناگە دروستدەکەن

هاوڵاتیان لە گەڕەکی گوزەل ڤادی سەر بە شارۆچکەی شێخ شامیل لە ناوەندی شار، شوێنی پەناگەیان لە تەنیشت دار و پارکی یاری دروستکردووە، ژنان باسیان لە دۆخی هاوڵاتیان کرد و ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت لە ژێر نایلۆندا خۆیان لە مردن بپارێزن.

 

ئایشە ساکین، ئاماژەی بەوەدا، ماوەی چوار ڕۆژە هیچ هاوکارییەک نەکراوە و خەڵکی گەڕەکەکە بە دەرفەتی خۆیان ناوچەیەکی پارێزراویان دروستکردووە، لە دوای بوومەلەرزەکەش هیچ خواردن و بەتانییەکیان بۆ نەچووە و وتی: ئێمە وێران بووین، ماڵەکانمان وێران بوون و هیچمان نەما، منداڵەکانمان لە ئێوارەوە برسی و تینو بوون، نانێک بووە بە چەند هەزارێک و ناتوانین نان بدەین بە منداڵەکانمان، ئێمە چوار خێزانمان هەیە کە لەم چادرەدا دەژین ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە دەچنە ناو ئۆتۆمبێلەکانیانەوە، بەڵام ئێمە ئۆتۆمبێلمان نییە، ئاو و کارەبا نییە و چوار ڕۆژە بێ خواردن و پێداویستی لێرە ماوینەتەوە.

 

خەتیجە کاڵکان وتی: ئێمە لێرە بە دەرفەتەکانمان چادرمان دروستکردووە و ماڵەکانمان جێهێشت، هیچ ئاو و خواردنێک نییە، یارمەتیمان دەوێت و هیچ یارمەتیەک نەهات، دوێنێ هاتن و کێکیان بەسەر مندالەکاندا دابەشکرد، ئێمە لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا هیچ یارمەتییەکمان نەبینیوە.

 

"دەوڵەت لەکوێیە؟"

نورسەما ئاکال پرسی "دەوڵەت لە کوێیە؟" و وتی: بەم شێوەیە نابێت، کەس نەهاتە ئێرە کەسمان نەبینیوە ئێمە تا بەیانی لە پارکین، با سەیری ئێمەش بکەن، ئایا ئەمە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، منداڵەکانمان لە سەرما دەیانبەستێت.